بەسرە؛ شێرپەنجە زیادی کردووە و پیسبوونی هەوا سەدا 60ـی تێپەڕاندووە

بەسرە
بەسرە

K24 – بەسرە:

وەزارەتی ژینگەی عێراق پیسبوونی هەوای بەسرە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت؛ ژینگەی بەسرە پاکە، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی پارێزگاکەش دەڵێت: هەوای بەسرە پیسە و ئامێرەکانتان کار ناکەن، ئەگەر نا پیسی هەوای بەسرە 60% زیاتر. تەندروستی بەسرەش هۆشداریی دەدات و دەڵێت؛ ئەگەر بارودۆخی شارەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی دەچنە خاک و هەوای شارەکەوە.

سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا لە بەسرە هەمەچەشنن، جارێک تەپوتۆز و کارگەکان جارێکیش دەردراوی گازیی دەرهێنانی نەوت. هەموو ئەمانە؛ بوونەتە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشی وەکوو ڕەبۆ و تێکچوونی کۆئەندامی هەناسە، ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوام بێت نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانیشی لێ دەکەوێتەوە.

د. ڕیا حەبیب، بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی بەسرە، بە کوردستان24ـی گوت: "پیسبوونی هەوا بەهۆی تەپوتۆز و کۆمپانیاکان و دەر‌هێنانی نەوتە، دەردانی گازەکانی ئەم پرۆسەیەش کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەم حاڵەی ئێستە دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە ڕەبۆ و نەخۆشییەکانی دیکە، ئەگەر دەردانی گاز و ماددە کیمیاییەکانیش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەم هەوا و هەم خاکیش بەرەو پیسبوون دەچن و وردەوردە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان دەردەکەون،"

لای خۆیەوە مەهدی تەمیمی، بەرپرسی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:کێشەکە ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی و بەشێک لە لایەن حکوومییەکان پیسبوونی ژینگەی بەسرە ڕەت دەکەنەوە، هەرچەندە کێشەی نەبوونی وێستگەی ژینگەیی هەیە، چونکە هەموو وێستگە ژینگەییەکانی بەسرە لەکار کەوتوون، بگرە جگە لە وێستگەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا هیچ کام لە وێستگەکانی دیکە کار ناکەن، ڕەتکردنەوەی و بەڵگەی ئەوان بەجێ نییە، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ قسەکانیان نییە.

گوتیشی: "خوێندنەوەکانی کۆتایی 2023 ئەوەیان دەرخستووە، پسیبوونی هەوا لە ناوەڕاستی پارێزگا 60% زیاتر بووە، تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، گورچیلە و جگەر بە دەیان هەزارە، ئێستە تەنیان تووشبوون بە شێرپەنجە نۆ هەزار کەسی تێپەڕاندووە".