ئەلیکساندەر دوگین: جەنگی نێوان ناتۆ و ڕووسیا تاڵە موویەکی ماوە

ئەلیکساندەر دوگین، بیرمەندی ڕووس
ئەلیکساندەر دوگین، بیرمەندی ڕووس

K24 – مۆسکۆ:

هێزەکانی ئۆکراینا لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی سنووری پارێزگای کوڕسکی ڕووسیایان کۆنتڕۆڵکردووە. ئەم ڕووداوە، کاربەدەست و شەقامی ڕووسی نیگەران و توڕەکردووە. هەر بۆیە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: وەڵامی پێویستمان لەکاتی خۆیدا دەبێت. زۆرێک لە پسپۆران پێیان وایە، هیچ کات هێندەی ئێستە، ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم، نزیک نەبووە.

ئەلیکساندەر دوگین، بیرمەندی ڕووس، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئۆکراینادا، ڕووسیا لەگەڵ ناتۆدا لە جەنگدایە، ڕاستە ناتۆ بەتەواوی هێزەوە بەشدار نییە، بەڵام کەرەستە و ئامرازە جەنگییەکانی لە مەیدانەکەدان، بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و  ناتۆ، هێشتا کەلێن ماوەتەوە، هەرچەندە هیچکام لە لایەنەکان بە فەرمی شەڕی نێوانیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام پەیام و ئاماژە بەم ئاڕاستەیەدا هەیە.

ئەو بیرمەندە ڕووسە، ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستە جەنگی نێوان ناتۆ و ڕووسیا تاڵە موویەکی ماوە، ئێمە هەر چاوەڕوانی سەرکەوتن دەکەین، بەڵام مێژوو پرۆسەیەکی ئاوەڵایە و ناکرێت بە شێوەی میکانیکی ئاڕاستە بکرێت، بە تایبەت ئەگەر باس لە زلهێزێکی مەزن بکرێت کە چەکی ئەتۆمی هەیە، ئێمە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێین و نازانین چۆن کۆتایی دێت. ئەگەرەکان سەخت و مانادارن، ئەشێت بە زیانی هەموو مرۆڤایەتی کۆتایی پێ بێت."

لە کاتێکدا هەندێ هەوڵی نێودەوڵەتیی  هەبوون بۆ ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینادا، بەڵام هێرشەکەی شەشی ئاب بۆ سەر کوڕسک، ریسەکەی کردەوە بە خوری.

لاخی خۆیەوە پیۆتر تۆڵستۆی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا، بە کوردستان24ـی گوت: "ڕووسیا لەم شەڕەدا سەردەکەوێت، بە پلانداڕێژراوی بەرەو ئەم سەرکەوتنە هەنگاو دەنێین، پاش سەرکەوتن لەگەڵ ئێوە لە کیێڤ یەک دەبینینەوە و گەنگەشەی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکەین."

تادێت جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بە پشتیوانی و هاوکاری سەربازی نەیارانی کرێملن زیاتر پەرەدەستێنێت. کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای کوڕسکی ڕووسیاش لە لایەن کیێڤەوە، ڕەوشەکەی هێندەی دیکە دژوار کردووە. هەر بۆیە کاربەدەست و پسپۆڕانی ڕووس دەڵێن: تەنانەت بەهەر جۆر و نرخێک بێت، جەنگەكە دەبێت لە بەرژەوەندی ڕووسیا یەکلایی ببێتەوە.