سیادە: عەرەبەکانی کەرکووک و نەینەوا بۆ پۆست و پارە پەیوەندییان بە کلدانییەوە کرد

گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادە دەڵێت: عەرەبەکانی کەرکووک و نەینەوا هەڵپەیان بوو بۆ لای ڕەیان کلدانی تا پۆست و پارە وەربگرن.
خالید مەفرەجی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک و نەینەوا، ڕایگەیاند "عەرەبەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دابەش بوون، چونکە بەشێکیان هەڵپەی پۆست و پلەیان بوو، لەو پێناوەشدا پەیوەندییان بە گرووپەکەی ڕەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلییوونەوە کرد".
خالید مەفرەجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: هاوپەیمانیی سیادە جێگەی کەسی ماففرۆشی تێدا نابێتەوە، بۆیە ئەو ئەندامانەیان دەرکردوون کە پەیوەندییان بە ڕەیان کلدانییەوە کردووە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی سیادەی دووپاتی کردەوە،:هیچ کات لە پێناوی پۆست و پارەدا لەگەڵ ڕەیان کلدانی نە لەکەرکووک و نە لە نەینەوا کۆ نەبوونەتەوە.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان