هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕەزامەندی لەسەر گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ سوودانییەکان دەربڕی

هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕەزامەندی دا لەسەر هاوکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی سوودان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی سوودان بڕیاری دا دەروازەی سنووری لەگەڵ چاد بکاتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، بەسەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕی سوودان، لە سویسرا بەڕێوە چوو، کە هەریەک لە سعوودیە و سویسرا و یەکێتیی ئەفریقا و میسر و ئیمارات تێیدا بەشدار بوون.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەدەم داواکارییەکانی ئەمەریکا چوو و لە دانووستانەکە ئامادە بوو، بەڵام بەرپرسانی سوودان ئامادەی گفتوگۆکە نەبوون.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەر پێنج لایەن لەگەڵ ئەمەریکا ڕایانگەیاند و بڕیاریان دا بە کردنەوەی دەروازەی سنووری "ئەدری" چاد بۆ باکووری دارفۆر بۆ ماوەی سێ مانگی داهاتوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی هەواڵی ئیمارات بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە “پێشوازیی لە پابەندبوونی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەکەین بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ گواستنەوەی یارمەتییەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی گرنگی دەبا بۆ دارفور و کۆردۆفان، و پاراستنی کرێکارانی مرۆیی لە کارەکانیاندا".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەم بڕیارە بنیاتنەرانەی هەردوو لایەن، دەبێتە هۆی هاتنەژوورەوەی هاوکارییە پێویستەکان بۆ وەستاندنی برسێتی و چارەکردنی نائاسایشی خۆراک و وەڵامدانەوەی پێداویستییە مرۆییەکان لە دارفور و دەرەوەی ئەو وڵاتە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە "دەبێت لایەنەکان دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی بواری مرۆیی بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا ئەم ڕێگایانە چالاک بکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری بەردەوام بەبێ بەربەست".
ئیمزاکارانی بەیاننامەکە ئاماژەیان بەوە کردووە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و ڕزگارکردنی ژیانی سوودانییەکان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە".
شەڕی سوودان لە 15ـی نیسانی ساڵی 2023، لە نێوان هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و سوپای سوودان سەری هەڵدا، لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو شەڕە، دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها لەسەدا 20ـی خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون.