سەدا 50ـی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێ تەواو بوونە

قشڵەی ئاکرێ (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)
قشڵەی ئاکرێ (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)

سەدا 50ـی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی مێژوویی ئاکرێ تەواو بوونە و بڕیار وایە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری و دوو مۆزەخانەی لێ دروست بکرێن.

یەکشەممە، 18-08-2024، هیوا شەمال، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی 2021، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوژمەی زیاتر لە 166 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێ تەرخان کرد و ئێستا سەدا 50ـی کارەکان تەواو بوونە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، دوای ئەوەی سەدا 50ـی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێ تەواو بوون، مەترسیی داڕمان لەسەر باڵەخانەکە نەماوە؛ بەڵام بۆ تەواوکردنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قشڵەکە، پێویستییان بە گوژمەیەکی دیکەی پارە هەیە.

 قشڵەی ئاکرێ، دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن. لەسەر ڕووبەری هەزار و 400 مەتر چوارگۆشەیە، لە دوو نهۆم و 30 ژوور و دوو هۆڵ پێک دێت.

هیوا شەمال گوتی: "لە پلانماندا هەیە دوای تەواوکردنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە، دوو مۆزەخانەی شوێنەواریی و کەلەپووری، هەروەها گەلەریی ڕۆشنبیری و کتێبخانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و سەردانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ قەزای ئاکرێ، لەنێو قشڵەی ئاکرێدا دروست بکەین".

قشڵەی ئاکرێ يەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئاکرێ؛ بە نۆژەنکردنەوەی دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوان بە قەزای ئاکرێ دەبەخشێت.

پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان؛ یەکێکە لە کارە پێشنییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستا چەندین ناوچەی شوێنەواریی نۆژەن کراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment