هیومان ڕایتس وۆچ: هەموار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی کارەسات دروست دەکات

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ڕەخنەی توندی لە پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی عێراق گرتووە، کە لە کارنامەی پەرلەمانی عێراقدایە و بڕیارە بەم نزیکانە دەنگی لەسەر بدرێت. ئەوەش لە بەرامبەر دەرکردنی یاسای "لێبوردنی گشتی" کە لەلایەن سوننەکانەوە خراوەتە بەرباس.

 هاوکات ڕاپرسییەک کە لەلایەن "تیمی ڕاپرسیی بیروڕای عێراقی"ەوە ڕێکخرابوو، ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 73%ـی خەڵکی عێراق بە توندی هەموارکردنەکەوەکە ڕەت دەکەنەوە.

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لە نوێترین گوتەیدا سەبارەت بە ڕەشنووسی هەموارکردنەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر پەسەند بکرێت، کاریگەری کارەساتباری لەسەر مافەکانی ئافرەتان و کچان دەبێت.

 بڕیارە یاسا نوێیەکە بە "تۆمارێکی فقهی" پەسەند بکرێت کە لەلایەن وەقفی شیعە و سوننە دەرچووە، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک کە دادوەرەکان پشتی پێ دەبەستن؛ بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێی وایە کە ئەمە ڕێگە بە زەماوەندی کچانی تەمەن نۆ ساڵ دەدات، هەروەها بنەمای یەکسانی لە ژێر یاساکانی عێراقدا، لابردنی پارێزگاریکردنی ئافرەتان لە جیابوونەوە و میراتدا.

 سارا سەنبەر، لێکۆڵەری عێراقی لە هیومان ڕایتس وۆچ، گوتی: پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێکی وێرانکەر دەبێت بۆ ئافرەتان و کچانی عێراقی، هەروەها بۆ ئەو مافانەی کە زۆر بە سەختی خەباتیان کردووە تاوەکو لە یاسادا بیچەسپێنن. دەشڵێت: بەفەرمی و بە یاساییکردنی زەماوەندی منداڵان، ژمارەیەکی زۆر لە کچان لە خۆشگوزەرانی بێبەش دەکات.

ڕێکخراوەکە، پێی وایە ئەم هەموارکردنە بەتایبەتی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاساکانی شەرعی بەگوێرەی تۆماری فیقهی، هەر مەزهەبێک، بەشێوەیەکی کاریگەر سیستمی یاسایی جیاواز بە مافی جیاواز بۆ مەزهەبە جیاوازەکان دروست دەکات. تائیفەگەری زیاتر لە عێراقدا مافی یاسایی دەشکێنێت یەکسانی بۆ هەموو عێراقییەکان تێکدەدات کە لە ماددەی 14ـی دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا هاتووە.

ڕێکخراوەکە پێیوایە "زەماوەندی تۆمارنەکراو لە دادگاکاندا بۆشاییەک دروست دەکات کە ڕێگە بە زەماوەندی منداڵان دەدات لە عێراقدا".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا" هەموارکردنە پێشنیار کراوەکە، ئەو پارێزگارییانە هەڵدەوەشێنێتەوە و تێک دەدات کە بەپێی یاسای ئێستای باری کەسی بۆ ئافرەتانی جیابووەوە دابین کراون". جەختیشی کردەوە "دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەتان بەشێک لە مافەکانیان بۆ میرات لەدەست بدەن." 

ڕێکخراوەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، ئەو هەموارکردنەوە پێشنیارکراوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان  (CEDAW)ە، کە عێراق لە ساڵی 1986 پەسەندی کرد، بە زەوتکردنی مافەکانی ئافرەتان و کچان لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەیان، هەروەها پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانە کە عێراق لە ساڵی 1994 پەسەندی کردووە،

 لای خۆیەوە، تیمی ڕاپرسیی بیرڕای عێراقی، ئەنجامی ڕاپرسییەکی ڕاگەیاند، کە لە عێراق سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کردووە.

 تیمەکە ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 61 هەزار و 648 هەزار ئافرەت و پیاوی عێراقی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، کە بەسەر ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا دابەش کراون.

 گوتیشی: 73.2%ی بەشداربووانی ڕاپرسیەکە بە توندی هەموارەکە ڕەتدەکەنەوە، لەبەرامبەردا 23.8%ی دەنگدەران ڕازین لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە ولەسەدا 3.1ـی دەنگدەرانیش پشتگیریی هیچ لایەنیان نەکرد.

یاسای باری کەسێتی ژمارە 188 لە ساڵی 1959 دەرچووە.

Fly Erbil Advertisment