بەدواداچوونێک: منداڵ و کەسوکاری بەرپرسانی عێراق 'وەک پاشا' لە زیندانەکاندا دەژین

زیندانێکی عێراق
زیندانێکی عێراق

بە گوێرەی بەدواداچوونێک؛ منداڵ و کەسوکاری تاوانباری بەرپرسانی عێراق، سەرباری ئەوەی ماوەی زیندانییەکەیان بۆ کەم دەکرێتەوە، وەک پاشا لەناو زیندانەکان دەژین و شوێنی مانەوەی تایبەت و تەنانەت ئینتەرنێتیشیان هەیە.

خۆرەی گەندەڵی لە عێراق، زیندانەکانیشی داڕزاندووە و کردوونی بە یەکێک لە سیما دیارەکانی وەگرتنی بەرتیل و پێشێلکردنی یاساکان تیایاندا.

منداڵ و کەسوکاری تاوانباری بەرپرسان، سەرباری ئەوەی ماوەی زیندانیەکەیان بۆ کەم دەکرێتەوە، وەک پاشا لەناو زیندانەکان دەژین و شوێنی مانەوەی تایبەت و تەنانەت ئینتەرنێتیشیان هەیە، ئەمە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری دامەزراوی نەهرەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و جەختکردنەوە لە شەفافیەت.

دامەزراوەی نەهرەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و جەختکردنەوە لە شەفافیەت دەربارەی زیندانەکانی عێراق ئاشکرای دەکات "زیندانەکان بوونەتە خاڵێکی کاریگەر بۆ گەواهیدانی گەندەڵی لە عێراقدا، چونکە تیایاندا جیاوازی لەنێوان کەسوکاری بەرپرسانی و کەسانی ئاسایی دەکرێت".

دامەزراوەی نەهرەین ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "منداڵ و کەسوکاری تاوانباری بەرپرسان، سەرباری ئەوەی ماوەی مانەوەیان لە زیندان بۆ کەم دەکرێتەوە، لە زیندانەکان شوێنی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەتوانن مۆبایل و ئینتەرنێت بەکار بهێنین. هەروەها خانەکانیان لە زیندان تەلەفزیۆن و جێگەی خەوی تایبەتی تێدایە، کە ئەم خزمەتگوزاریانە بۆ کەسانی دیکە بەردەست نییە".

دامەزراوەی نەهرەین دەنووسێت "زیندانەکانی عێراق ڕووخساری زەقکردنەوەی چینایەتیان تێدا دەبینرێت، کەسوکاری بەرپرسان لەناو زیندانەکان تەنانەت ژووری تایبەت بە پێشوازیی میوانیشیان بۆ دابین کراوە. کەسوکاری تاوانباری بەرپرسان لەناو زیندانەکاندا ژیانی ئاسایی بەوپەڕی ئاسودەییەوە بەڕێ دەکەن، مانگانەش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بۆیان بڕی 200 دۆلار بۆ هەر کەسێک وەک بەرتیل بە بەرپرسانی زیندانەکان دەدەن".

دەشڵێت: زۆرینەی ئەو خزمەتگوزاریانەی بۆ کەسوکاری بەرپرسان لە زیندانەکان دابینکراوە دژ بە یاسان، بەڵام دەستڕۆشتووی ئەوان و پێدانی بەرتیل کەیسەکەی دیزە بە دەرخۆنە کردووە.

زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد، بەرگریی و ناوخۆ نزیکەی 100 هەزار بەندکراویان تێدایە، زۆرینەیان بۆ زیندانی ئاسایی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان تێدا نییە.

Fly Erbil Advertisment