ئاریان ئەحمەد: کێشەی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم لە بەغدا چارە نەکراوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، کێشەی مووچەی ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چارە نەکراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەکانی ناردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق خەرجی نەکردووە.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لیستی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ناردوویەتی بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی نوێیان بۆ ببەسترێت، بەڵام تا ئێستە چارەی ئەو کێشەیە نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، بڕیارە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەستنی دەرماڵە چەند گرفتێکی دیکە شاندێک سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارە بکرێن.
ڕۆهی دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: "داوامان لە سەرۆکی حکوومەت کردبوو، داوای تەرخانیی دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق بکات بۆ تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان ڕەزامەندی دا و نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد ڕێکارەکان جێبەجێ بکەن بۆ ناردنی تۆمار و تەرخانی دارایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان."
بە گوتەی کوێستان محەممەد: "تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت 13 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت، داوا دەکرێت تەرخانی داراییان بۆ بکرێت و بخرێتە سەر ئەو لیستەی کە ئێستا زیاتر لە 75 هەزار کەسە."