بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە؛ لە نیوەی عێراق دەبێتە پشوو

K24 – هەولێر:
تاوەکوو ئێستا حەوت پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە بۆنەی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی شیعە و بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، پشووی فەرمییان ڕاگەیاندووە.
18ـی ئابی 2024، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاند: ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، لە هەموو دامودەزگا حکوومییەکانی پارێزگای بەسرە دەبێتە پشوو.
تاوەکوو ئیستا هەر یەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، واست، کەربەلا، نەجف، بابل و دیوانییە پشوویان لە دامودەزگاکانی حکوومەت بە بۆنی چلەی ئیمام حوسێنەوە ڕاگەیاندووە و چاوەڕێش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چەند پارێزگایەکی دیکەش پشوو ڕابگەیەنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، میقداد میری، گوتەبێکی لێژنەی باڵای زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە سەردانی عێراقیان کردووە و تاوەکوو ئێستاش 679 هەزاریان، دوای تەواوکردنی ڕێوڕەسمی زیارەتکردن گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.
پێشتریش دەستەی گەشتوگوزاری سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق پێشبینی کردبوو. ئەمساڵ بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، ژمارەی زیارەتکارانی شیعە بۆ عێراق بگاتە 13 ملیۆن کەس کە زۆرینەیان هاووڵاتی وڵاتانی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان و وڵاتانی کەنداو دەبن.
ساڵی ڕابردوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی گەیشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس؛ چوار ملیۆنیان زیارەتکاری ئێرانی بوون. بۆ ئەمساڵیش، ئێران پێشبینی دەکات ژمارەی زیارەتکارانی وڵاتەکەی بۆ عێراق بگاتە 4.6 ملیۆن کەس.
چلەی ئیمام حوسێن حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئایینییەکان لە لای شیعە مەزهەبەکان و پەیڕەوانی بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوهن دەگێڕن، هەروەها سهردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی دهكهن.