بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران لە هەولێر: بە هیچ جۆرێک داوای کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە سزادراوان نەکراوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران لە هەولێر دەنگۆیەكی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە سزادراون دەکرێت دوورن لە ڕاستییەوە.
یەکشەممە 18ـی ئابی 2024 بەڕێوەبەرایەیی چاکسازیى گەوران لە هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، سەرلەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە لە چەند سایت و پەیجێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کراونەتەوە و باس لە وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان دەکرێت لە سزادراوان.
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارمەندانەی کە لە نێو چاکسازیەکانن هەمووی کارمەندی هێزی جێبەجێکارن و بە یاسای چاکسازی بەرکار لە پەرلەمانی کوردستان ئەرک و کاریان ڕێکخراوە و سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین و بە هیچ جۆرێک داوای کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان لە سزادراوان نەکردووە.
جەختی لەوەش کردەوە، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە داوای زانیاری لەسەر ئەو سزادراو و کارماندانە کراوە کە لە ڕۆژی دەنگدان لە نێو چاکسازیدان و کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران لە هەولێر، داوا لە گشت لایەک دەکات پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و دووربکەونەوە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست.