ئاری هەرسین: دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک شانۆگەری و پیلانگێڕی بوو

K24 – هەولێر:

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک شانۆگەری و پیلانگێڕی بووە و ئەوانەشی ڕێککەوتنەکەیان کردووە، بوێری ئەوەیان نییە ناوەڕۆکەکەی ڕوون بکەنەوە.

ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی له‌باره‌ی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند: ئەوەی لەبارەی دیاریکردنی پارێزگار کرا شانۆگەری و پیلانگێڕی بوو، ئەوانەی کە بەم پیلانگێڕییە هەستان، بوێری ئەوەیان نییە تەنانەت بێن بە دوو وشەش ڕێککەوتنەکە ڕوون بکەنەوە.

هەروەها ئاری هەرسین ئاماژەی بەوەشکرد: شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک لە تێگەیشتنی دیموکراسی جێگەی نابێتەوە و زیاتر لە پیلانگێڕی و کودەتا دەچێت.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment