سەركار سورچی: هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە زۆر خێرایە و بۆیە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە هەموو وڵاتان دەکات بێنە سەر هێڵ و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە بگرنەبەر. هاوکات دەڵێت: تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
د. سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاوڵەی مەیموون نەخۆشیییەکی ڤایرۆسییە و سەرچاوەکەی ئاژەڵییە و لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ساڵی 2024 لە جیهان بە گشتیی بە تایبەت بە وڵاتە ئەفریقییەکان ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکە زۆر بەرز بووەتەوە، ئەمەش وای کرد ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە هەموو وڵاتان بکات و بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە بگیرێتەبەر.
باسی لەوە کرد، تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، تەنانەت هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویش نەبووە.
د. سەركار سورچی، جەختی لەوە کردەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستییی جیهانی، هەرێمی کوردستانیش ڕێکاری خۆپارێزی دژی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەگیرێتەبەر.
گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکەمان دەرکردووە و گشتاندنی پێ دەکەین بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی پارێزگاکانی هەرێم."
لەبارەی ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون زۆر لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا دەچن، دەرکەوتنی پەڵەی لەسەر پێستی کەسێک و بوون بە برین دوای دوو هەفتە ئەمە بە حاڵەتێکی گومانلێکراو دادەنرێت و، دەبێت لە ژوورێکی تایبەت دابنرێت و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە سەرکردەکانی وڵاتانی باشووری ئەفریقا کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبووەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەربڕی.
ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 17 هەزار کەس توشبوون، بەڵام بە بەراورد بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێژەی مردن کەمترە، وەزارەتی تەندروستی عێراقیش دەڵێت: "هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق، تۆمارنەکراوە".
کەسی توشبوو بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون چەندین نیشانەی لێ دەردەکەون باوترینیان ئەمانەن، دروستبوونی لیر و بڵق لەسەر پێست، تا، ئازاری سەر و قورگ، ئازاری پشتن و ماسولکە، بێهێزی و شەکەتی و هەڵاوسانی لیمفە گرێکان.
ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەستلێدان ڕاوکردن و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبوو دەگوازرێتەوە. لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش لەرێگەی هەناسە، بەرکەوتن، ماچکردن، سێکس، بەکارهێنانی جلوبەرگی کەسی توشبوو، هەروەها لە دایکی دووگیانیش بۆ کۆرپەکەی دەگوازرێتەوە.