پێشەوا هەورامانی: پرۆسەی دامەزراندنی 500 کەس بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی کۆتاییدایە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆسەی دامەزراندنی 500 کەس بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەی گرێبەست لەقۆناغی کۆتاییدایە.
18ـی ئابی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: هەموو ئەوانەی داوای دامەزراندنییان کردووە بەپێی خاڵبەندی سەیری مەلەفەکانییان کراوە و لەکاتی ڕاگەیاندنی ناوەکان هەرکەس خاڵەکانی خۆیی و هۆکاری دامەزراندنەکەی دەخرێتە بەردەستی.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاندووە: ئەم پرۆسەیە تەواو شەفاف دەبێت و هیچ دەستوەردانێکی حزبی تێیدا قبوڵکراو نەبووە.
لە سەردانەکەی 22ـی شوباتی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لەوانە دامەزراندنی 500 کەس بە گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بوو.