هیوا ئەحمەد: شێوازی یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک پیلانگێڕی چەند لایەنێک بوو

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئاماژەی بەوە کرد، کە پارتی هەمیشە سوور بووە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک. دەشڵێت: شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک ناسرووشتی بوو، هەروەها کورد کرایە قوربانی پۆستی پارێزگار.

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: لە کەرکووک ئەوەی کرا کارێکی نایاسایی بوو بۆ دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکمان و بەشێک لە عەرەب ئاگادار نەکرابوونەوە لە کۆبوونەوەکەی هۆتێلی ڕەشید.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک بارزانی لەگەڵ لایەنە عەرەبەکان کاتێ کۆبووەوە گوتی "دەبێت کەرکووک بۆ هەموو لایەکە بێت و هەموویان پێکەوە بژین و پۆستەکان بە هاوبەشی دابەش بکەن و، پۆستی پارێزگاریش با بۆ کورد بێت چونکە کورد 7 کورسی بەدەست هێناوە."

جەختی لەوە کردەوە، گرفتیان لەگەڵ خودی پارێزگاری کەرکووک نییە، بەڵکو گرفتیان لە شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارەکە بوو کە پیلان بوو و ناسروشتی بوو پرۆسەکە، دەبوو هەڵبژاردنەکە بە کۆدەنگی هەموو لایەک بووایە.

هەر لەبارەی کەرکووکەوە، هیوا ئەحمەد مستەفا، گوتی: پارتی هەمیشە سوور بووە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک، پارتی پێی وایە دەبێت لە کەرکووک هەموو لایەک وەک برا پێکەوە بژین و هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کورد بە شێوەیەکی گشتی لە کەرکووک، بووەتە قوربانی پۆستی پارێزگار، کە ئەمەش مەترسی هەیە بۆ گەلی کوردستان، هەروەها کورد و تورکمان لە شارەکە پەراوێز خراون.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، دەڵێت: پارتی هیچ کاتێک ڕێککەوتنی ژێربەژێری بۆ هیچ پرسێک نەکردووە و ئەوەی هەیەتی بە ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێت و بڕیاری لەبارەیەوە دەدات.

لەبارەی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووکەوە، هیوا ئەحمەد مستەفا، ڕوونیکردەوە، بەشێک لە هەرە پۆستە گرنگەکانی کورد لە کەرکووک پێشکەش بە عەرەب کراوە کە لە ئاییندەدا کێشەیەکی گەورە بۆ کورد و تورکمان، هەروەها بۆ عەرەبیش دروست دەکات، کە نابێتە سەقامگیری بۆ دۆخی کەرکووک.

هێمای بۆ ئەوەش کرد، نابێت هەموو پۆست و ئامانجەکانی دیکە بکرێتە قوربانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک. گوتیشی: پارتی باجی پێداگریکردن لە دانانی پارێزگارێکی کوردی دا.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment