سەرەڕای شەڕ، ئاستی بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی گەشەی کردووە

پەیمانگای ئاشتەوایی بۆ پەیمانننامەی ئیبراهیمی، بڵاوی کردەوە، دوایین داتاکانی نووسینگەی ناوەندی ئاماری ئیسرائیل دەری دەخات کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی گەشەی کردووە.

ئەو ڕێکخراوە ناحکوومەتییە ڕایگەیاندووە "لە مانگی حوزەیرانی 2024 دا بازرگانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات گەیشتووەتە 271.9 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 5% زیادی کردووە".

ئاماژەی بەوەش کراوە "لە ماوەی شەش مانگی ساڵی 2024، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گەیشتووەتە 1.66 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو لە 7% زیادی کردووە".

هەروەها بازرگانیی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین بەڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە مانگی حوزەیرانی 2024، گەیشتووەتە 16.8 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە مانگی حوزەیرانی 2023 بە رێژەی %740 بەرز بووەتەوە.

لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان مەنامە و ئیسرائیل بە رێژەی 879 % زیادی کردووە و گەیشتووەتە 70.5 ملیۆن دۆلار.

پەیمانگای ئاشتەوایی بۆ پەیماننامەی ئیبراهیمی ڕێکخراوێکی ئەمەریکی ناحزبیە و قازانج نەویستە، هاوکاریی فراوانکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات.

هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان مەغریب و ئیسرائیل بۆ مانگی حوزەیران 8.5 ملیۆن دۆلار بووە، واتە بەراورد بەهەمان مانگی ساڵی ڕابردوو 124% زیادی کردووە، هەروەها لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو کۆی بازرگانیی نێوانیان 53.2 ملیۆن دۆلار بووە، واتە لە چاو ساڵی ڕابردوو لە %64 زیادی کردووە.

پەیماننامەی ئیبراهیمی لەساڵی 2020، ڕێگەی بە ئیسرائیل دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات ئاسایی بکاتەوە.

ئەم وڵاتە عەرەبیانە چوونە پاڵ میسر و ئوردن کە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵانی 1979 و 1994 ئیمزا کردووە.

هەروەها داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، بازرگانی نێوان ئیسرائیل و میسر لە مانگی حوزەیرانی 2024 دا گەیشتووەتە 35 ملیۆن دۆلار کە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 29% زیادی کردووە.

هەروەها لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان قاهیرە و تەلئەڤیڤ 246.6 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بەساڵی ڕابردوو لە 53% زیادیکردووە.

لەلایەکی ترەوە، بازرگانی نێوان ئیسرائیل و ئوردن دابەزیوە و لە مانگی حوزەیرانی 2024 گەیشتە 35 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە مانگی حوزەیرانی 2023 بە رێژەی 14% دابەزیوە.

لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا، قەبارەی بازرگانی بە رێژەی 16% دابەزیوە و گەیشتووەتە 213.8 ملیۆن دۆلار.

پەیمانگای ئاشتەوایی بۆ پەیماننامەی ئیبراهیمی، لەسەر پلاتفۆرمی 'ئێکس' جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ناوچەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری ناوچەیی هێشتا فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە و کە بووەتە هۆی وێرانکردنی کەرتی غەززە و کوشتنی زیاتر لە 40 هەزار فەڵەستینی کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون و ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە.