600 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرا

پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک (وێنە: محەممەد سالم - کوردستان24)
پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک (وێنە: محەممەد سالم - کوردستان24)

600 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی هەردوو شاری قامشلۆ و حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

دووشەممە، 19-08-2024، بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای (K.H.)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی کارئاسانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا 600 تۆن پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ، لە پارێزگای دهۆک، هەناردەی ڕۆژئاوای کوردستان کرا". 

وەکو ئەوەی بەشار موشیر باسی کرد، ئەو 600 تۆن پەتاتەیە، بە 25 بارهەڵگر و لە ڕێگەی دەروازەی پێشخابوورەوە هەناردەی هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.

خاوەنی کۆمپانیای (K.H.) باسی لەوەش کرد "لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو وەبەرهێنەرەی 600 تۆنەکەی کڕیوە، ڕایگەیاندووە، لە داهاتوودا پەتاتەی زیاتری هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات".

ڕۆژی 22-07-2024، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای "ئاورا"ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی ئیماراتی، نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە کرا.

ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. بڕیاریشە، ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکرێت.

ساڵانە لەسەر ڕووبەری 86,453 دۆنم زەوی، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنان %900 زیادی کردووە. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دەهێندرێت کە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار تۆنە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن؛ بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا"، کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت. 

كابینه‌ی نۆیه‌می حكقومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه و‌ له‌ چوارچێوەى كارنامه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه که‌ ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان بایەخی ته‌واو به‌ کەرتە جیاوازه‌كانی ئابووری بدرێت و به‌ هه‌موو ئه‌و کەرتانە ژێرخانێكی ئابووریی پته‌و بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، كشتوكاڵ و بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته‌ له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژە‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ ڕووبه‌رێكی گرنگی له‌ كاری كابینه‌ی نۆیه‌م گرتووه و حكومه‌ت به‌ پێو‌یستی ده‌زانێت به‌شێوه‌یه‌ك په‌ره‌ به‌ كشتوكاڵ بدات كه‌ له‌ داهاتوودا پشت به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ ببه‌سترێت و ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ش بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش ئامانجێکی سه‌ره‌كی کابینەی نۆیەمە.