کلاودیۆ کۆردۆنی: ساڵی پار خوێناویترین ساڵ بووە بۆ کارمەندانی مرۆیی، ئەمساڵیش خراپتر دەبێت

کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن لە عێراق، ڕایگەیاند، ساڵی 2023 خوێناویترین ساڵ بووە بۆ کارمەندانی مرۆیی و پێشبینیشی کردووە ساڵی 2024 خراپتر بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، کلاودیۆ کۆردۆنی لە وتارێکیدا بە بۆنەی ساڵیادی تەقینەوەکەی هۆتێل "قەنات" لە بەغدا گوتی: بێگومان ئێمە بیانوویەکی تایبەتمان هەیە بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە لە بەغدا، چونکە یادەوەریەکانی ئەو هێرشەی سەر هۆتێل قەنات، هێشتا لە مێشکماندا تازەن و برینەکانی هێشتا ساڕێژ نەکراون.
ئاماژەی بەوەش دا، لەو ڕۆژەدا لە ساڵی 2003، پێنج ڕۆژ پاش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، پێکهێنانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) ڕاگەیاند، بیست و دوو هاوکارمان لەدەست دا.
ڕۆژی 19ـی ئابی 2003، لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە هۆتێل قەنات لە بەغدا، 22 کەس کوژران و 100 کەسیش بریندار بوون، کە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆ، لەنێو کوژراوەکاندا بوو.