عێراق وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەی عەرەبی؛ عەباس بن فرناس نۆژەن دەکاتەوە

پەیکەری عەباس بن فرناس
پەیکەری عەباس بن فرناس

K24 – هەولێر:

حکوومەتی عێراق وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ لەخۆگرتنی لوتکەی عەرەبی و پێشوازی لە مێوانان، گۆڕەپانی عەباس بن فرناس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نۆژەن دەکاتەوە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی 14ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی خاوەندارێتی گۆڕەپانی عەباس بن فرناس لە ئەمیندارێتی بەغداوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە، بڕیاریشدرا لەسەر نۆژەنکردنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی گۆڕەپانی عەباس بن فرناس.

19ـی ئابی 2024، ئەحمەد موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی تایبەت لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: لە پلانی نۆژەنکردنەوەی گۆڕەپانی عەباس بن فرناس، چەند بنکەیەکی کات بەسەربردن و چاککردنەوە و مانەوەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی بەغدا لەخۆ دەگرێت.

بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، لوتکەی 34ـەمینی وڵاتانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عێراق لە بەغدا بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی لە ئایاری ئەمساڵ، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی ڕیاز ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر داواکەی حکوومەتی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی ئەو لوتکەیە لە بەغدا.