بافڵ تاڵەبانی بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی مام جەلال تاکلایەنانە پۆستەکانی کەرکووکی یەکلایی کردەوە

K24 - هەولێر:
ئیدارەی نوێی یەکێتی بەگووتەی خۆیان جیاوازن لەسەردەمی مام جەلال و سیاسەتکردنیشیان لەگەڵ سەردەمی مام جەلال جیاوازە، ڕێککەوتنی دەی ئابی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا و پشتگوێخستنی تورکمان و زۆرینەی عەرەبی کەرکووک ئەم قسەیەی پشتڕاستکردەوە.
پێنج مانگ پێش ئێستا و لە دیداری ڕافیدەین لە بەغدا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستا یەکێتی ڕایگەیاند، ئەم یەکێتییەی ئێستا، یەکێتی جاران نییە و سیاسەتەکەشی وەک سەردەمی مام جەلال نییە، بافڵ تاڵەبانی لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاب بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک و پەراوێزخستنی تورکمان و زۆرینەی عەرەبەکان و هاوشانی پارتی و لەبەرچاونەگرتنی دۆخی کەرکووک ئەم قسەیەی خۆی سەلماند، چونکە مام جەلال خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بوو بە هاوسەنگی بەجۆرێک کورد، عەرەب و تورکمان هەریەکە و 32%ـی پۆستەکانی بەربکەوێت و کریستیانەکانیش لە 4%، پرۆژەکەی مام جەلال لە ساڵی 2009 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگی لەسەردا. بەڵام نەچووە واری جێبەجێکردنەوە.
یەکێتی ئێستا بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی دەستی خستووەتە دەستی ڕەیان کلدانی و قەیس خەزعەلییەوە بۆ برابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک لەنێوان خۆیاندا، بە بێبەشکردنی تورکمان و عەرەبی شارەکە، ئەمەش پێکەوەژیانی ئەو پارێزگایەی خستووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار، چونکە تورکمانەکان و بەشێک لە عەرەبەکان سەرباری خۆپیشاندان پەنایان بردووەتە بەردەم دادگەی فیدراڵی و دادگەی کارگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ریککەوتنەکەی دەی ئابی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا.
کەرکووک لەسەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق جیاوازترە، چونکە فرەپێکهاتەیە و ئەگەری هەیە هەر مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ دۆخی شارەکە و خۆسەپاندن وەک بەرمیلە باروت دۆخەکە بیتەقێنێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەریبکات، وەک ئەو سیاسەتەی یەكێتی نوێ دەگرێتەبەر، کە بریتیە لە حیساب نەکردن بۆ هەستیاری کەرکووک و مساوەمەکردن لەسەر زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی ئەو شارە تەنها لەپێناو پارێزگاردا.
حکومەتی لەرزۆکی دەی ئابی کەرکووک، ڕەنگە نەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەردەم ڕەشەبای ناڕەزایەتی و پشتگوێخستنی پێکهاتەکانی دیکە خۆی ڕابگرێت، بەتایبەتی هێزە ئیقلیمییەکانیش تێبینی جددیان لەمەڕ ئیدارەی نوێی کەرکووک و سیاسەتی یەکێتی لەو شارە هەیە.
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.