وەزارەتی تەندروستی گشتاندنێک لەبارەی ئاوڵەی مەیموون دەردەکات

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێک لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

19ـی ئابی 2024، بە نووسراوی ژمارەی 19287 و بە ئیمزای سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێک ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ و کۆیە کراوە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن و چارەکردن و پێدانی ڕێنمایی بۆ نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون.

لە گشتاندنەکە هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون کە نەخۆشییەکی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە پەیڕەوکردنی گشت ڕێکارەکانی ئامادەکاری و خۆپارێزی بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ئەو نەخۆشییە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی لە گشتاندنەکەدا، زانیاری پێویستی لەبارەی ئەو نەخۆشییە خستووەتەڕوو، هاوکات شێوازی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی نەخۆش و بەرکەوتنەکان و چاودێریکردنی ئەو کارمەندە تەندروستییانەی کە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ نەخۆشییەکە، ڕوون کردووەتەوە و ڕێنمایی پێویستی داناوە.

0
0
0
0
0
0
0
0
0
0
Fly Erbil Advertisment