بلینکن: ناتانیاهۆ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە دەربڕیوە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تەلئەڤیڤ ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیازی ئاگربەستی قبووڵ کردووە و ئێستاش چاوەڕێی ڕاگەیاندنی حەماسن بۆ قبوڵکردنی ئەو پێشنیازە.

19ـی ئابی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان کاردەکەین بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخی ناوچەکە و پێویستە هەمووان خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاو یان کارێک بەدوور بگرن کە گرژییەکان زیاتر و توندوتیژییەکان فراوانتر دەکەن.

بلینکن گوتیشی: گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی باشترین ڕێگەیە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ناتانیاهۆ دڵنیای کردمەوە کە ئیسرائیل ئەو پێشنیارەی قبوڵ کردووە کە پێشکەش کراوە، حەماسیش ئێستا دەبێت قبووڵی بکات.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شارەزایان لە تیمی دانووستانەکانیان کاردەکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە پێشکەش بکەن.

بلینک گوتیشی: تا ململانێکان درێژە بکێشن، بارمتەکان زیاتر ئازار دەچێژن و لەوانەشە گیان لەدەست بدەن، بۆیە دەچمە میسر و قەتەر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سیسی و شێخ تەمیم بۆ زیاتر پشتیوانیکردن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و دروستکردنی فشار بۆ ڕازیکردنی لایەنەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد: "ئێستا گرنگترین شت ئەوەیە هەموو کەسێک خۆی لە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بەدوور بگرێت، کە دەکرێت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر و ئاڵۆزتربوونی گرژییەکان و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و شەڕ. ئامانجی دووەممان چڕترکردنەوەی هەوڵەکانمانە لە سەرانسەری حکوومەتەکەمان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ باشترین ڕێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە و گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن، کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەخۆ بگرێت. هاوکات، کۆتایی بە نەهامەتییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی غەززەش بهێنێت".