ساڵی ڕابردوو زیاتر لە سێ هەزار کەس لە عێراق بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

تابلۆیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ نیشاندانی مەترسی خێرایی
تابلۆیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ نیشاندانی مەترسی خێرایی

K24 – هەولێر:

ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە جیهان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەستدەدەن، کە بە باوترین هۆکارەکانی گیان لەدەستدان دادەنرێت، هەروەها بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی عێراق، ساڵانە رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەڵکشاندایە، تەنیا لە ساڵی 2023 زیاتر لە 15 هەزار و 500 ڕووداوی هاتووچۆ لە عێراق تۆمار کراوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

ساڵانە هەزاران کەس لە عێراق بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ دەبنە قوربانی، بەشێوەیەک کە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گیان لە دەستدان لە عێراق دانراوە، جگە لەوەی کاریگەری خراپی دەروونی و ئابووری لەسەر کۆمەڵگە دروست کردووە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵی 2023 لە جیهان زیاتر لە ملیۆنێک و 190 هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەنێوان 20 بۆ 50 ملیۆن کەسیش بریندار بوون.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئامار و ڕێکخستنی زانیارییە جوگرافییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تەنیا لە ساڵی 2023، 11 هەزار و 552 ڕووداوی هاتووچۆ لە عێراق تۆمارکراون، واتا ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ساڵی 2022 بەڕێژەی لە 0.3٪ زیادیان کردووە، لەو ژمارەیە نزیکەی لە 28٪ـی ڕووداوەکان کوشندە بوون و بەهۆیەوە سێ هەزار و 19 کەس گیانیان لە دەستداوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، 12 هەزار و 314 کەس برینداربوونە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022 ڕێژەی برینداران 2.9٪ کەمیکردووە، هاوکات لە 56.2٪ـی ڕووداوەکان لە رێگە سەرەکییەکان بووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە لە 79٪ـی ڕووداوەکان بەهۆی کەمتەرخەمی شۆفێر بووە، لە 6٪ـی رووداوەکان بەهۆی خراپی رێگاوبان بووە.

Fly Erbil Advertisment