کێشەی کەمئاوی جووتیارانی کەربەلای هەراسان کردووە

کەربەلا
کەربەلا

ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای کەربەلا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، بەهۆی کاریگەری وشکەساڵی و گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا، وشک بوونی ڕووبارەکان کە سەرچاوەی سەرەکی کشتوکاڵی کەربەلان.

ئەم دۆخە قورسە بووەتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەناویشیاندا ئەو بەرهەمانەی پەیوەندیان بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە.

جووتیارێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کێشەی کەمئاوی و وشکەساڵی زیاتر لە جارێکە لە کەربەلا دووبارە دەبێتەوە، ئێمەش لەوە بێزاربووینە، دامەزراوە حکوومییەکانی کەربەلاش هاوکاریمان ناکەن، دەڵێن ئاوتان پێدەدەین و دواتریش هیچ نابینین".

جووتیارێکی دیکەی کەربەلا دەڵێت: لەساڵی 2016وە تەنانەت بە زستانانیش بێ ئاوین، ئەمە حاڵ نییە و ئاوی ڕۆژانەمان دەست ناکەوێت، ئەوەش دۆخی جووتیارانە کە دەیبینیت، کشتوکاڵ نەماوە.

هاووڵاتیەکی شارەکەش باس لەوە دەکات "بەرپرسان وازیان لەم خەڵکە هێناوە و خۆیان ناکەن بەخاوەن لێمان. بێئاوین و ئاوی ڕۆژانەمان نییە، ناکرێت ئاوا بەردەوام بین. ئەم ڕووبارەی لێرە هەیە بەزستاندا سێ بۆ چوار جار ئاوی پێدا دێت، دواتر دەبڕێت"

لە پەرواێزی ئەم بێئاوییەدا، بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بووەتە بژاردەیەکی تاڵ و ناچاریی لەبەردەم جووتیارانی کەربەلا، کە لە زۆرینەی دۆخەکاندا دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئەم ئاوەشیان نییە.

وشکەساڵی و بەکارهێنانی ئاوی سوێر نەک تەنها زەوییەکان بەڵکو کاریگەری لەسەر مرۆڤەکانیش دادەنێت، چوونکە بەکارهێنانی ئاوی پیس دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێست و چەندین نەخۆشی دیکە.

حامد یەساری، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی کەربەلا گوتی: لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی گۆڕانە ژینگەییەکانەوە ئاوی دیجلە و فورات و لقەکانیان کەمبووەنەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر جووتیاران داناوە. سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ بەرامبەر عێراق لە پرسی ئاو هەڵەیە و پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیە.

سیاسەتی ئاویی و ئیدارەدانی ئەم پرسە ڕۆڵێکی ناکارا دەگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی جووتیاران، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پشت بە سیستەمی کۆنی ئاودێری دەبەستێت، ئەمەش دیارترین ئەو هۆکارانەن بوونەتە بێتوانایی عێراق لە پشت بەخۆبەستن لەبواری خواردن و پەنابردنە بەر وڵاتانی دەرەوە بۆ هاوردەکردنیان.