ئیخلاس دلێمی: بەهاوئاهەنگیی حکوومەتی هەرێم نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی لە مەخموور دەکرێتەوە

پەرلەمانتاری عێراقی ئیخلاس دلێمی ڕایگەیاند، کۆمەڵێک پرۆژە بۆ قەزای مەخموور جێ بەجێ دەکرێت، هەروەها سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دابینکردنی زەوی بۆ دروست کردنی نەخۆشخانە لە قەزاکە.

ئیخلاس دلێمی، ئەندام پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا سەردانی قەزای مەخمووریان کرد، لەسەردانەکەدا دلێمی گوتی: سەردانەکەمان لە پێناو بەدواداچوونە بۆ دۆخی خزمەتگوزاری قەزای مەخموور، دەشڵێت: هەموومان دەزانین مەخموور زیانی زۆری پێ گەیشت، بۆیە دووبارە پێویستی بە ئاوەدان کردنەوە هەیە لەسەرجەم بوارەکاندا.

 ئاماژەی بەوەش کرد "مەخموور لەبواری تەندروستی و پەروەردە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە هەروەها پێویستی بە دروستکردنی قوتابخانەش هەیە، هەر بۆیە هەوڵمان داوە سەردانی ئەو قەزایە بکەین، چونکە گرنگە لەگەڵ فەرمانگەکانی خزمەتگوزاریی وەک پەروەردە و ئاو و کارەبا کۆ ببینەوە".

دەشڵێت: ئێمە کۆمەڵێک پرۆژەی فیدراڵیمان هەیە کە زۆر گرنگن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا، هەروەها پرۆژەی ئاوی مەخموورمان هەیە، کە سوودێکی زۆر باشی بۆ جووتیاران هەیە، پرۆژەکەش بەرەو پێش چووە، ئاماژەی بەوەش دا، پرۆژەی ئاوی مەخموور بەشێکە لە ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، لەگەڵ تەواو بوونی پرۆژەی ئاوی مەخموور سەدان گوندی سنووری مەخموور و گوێڕ و قەراج و سوڵتان عەبدوڵڵا سوود لە ئاوی پرۆژەکە وەردەگرن، لەلایەکی دیکەوە پرۆژەی نەخۆشخانەی مەخموورمان هەیە کە زۆر گرنگە، پێشتر بەشێوەیەک دیزاین کرابوو کە تەنیا جێگەی 50 تەخت دەبووەوە هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد کە زەویەکەمان بۆ دابین بکات تاوەکو نەخۆشخانەکە گەورەتر بکەین و بیکەیەن بە نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی.

ڕاشیگەیاند، زەویەکمان بۆ وەزارەتی کارەبا دابین کردووە بۆ دروست کردنی وێستگەی کارەبا لە مەخموور، هەروەها ئەو قەزایە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و پرۆژەی باشتر هەیە.