ڕێبەر ئەحمەد: دەستمان بەسەر زیاتر لە 20 هەزار سیمکارتی بێمۆڵەتدا گرتووە
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەچوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە تاوانی ئەلیکترۆنی، دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 هەزار سیمکارتی بێمۆڵەتدا گرتووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، دەربارەی چارەکردنی هەڕەشەکانی ئەلیکترۆنی دژ بە بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر ڕێكی خست، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ گوتی: دامەزراوەکانی ئاسایش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس، دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 هەزار سیمکارتی بێ مۆڵەتد کە بۆ کاری هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی بەکارهێنراون گرتووە و دەیان شوێنی فرۆشتنی ئەو سیمکارتە بێمۆڵەتانەمان داخستووە.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی 110کۆمپیوتەر کرد کە بۆ هەڕەشە کردن و بێزارکردنی ئافرەتان بەکارهێنراون و پڕ بوونە لە وێنە و ڤیدیۆ و نامە کە ئافرەتانیان پێ ناچارکراوە، یاخود بەپێچەوانەش ئافرەتان بەو ئامێر و هۆکارانە هەڕەشەیان لە پیاوان کردووە، دەشڵێت: بە هۆی ئەوەوە ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هەڕەشەیان لێ کراوە.
وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد "چەندین ئافرەتیان لە کوشتن پاراستووە کە بەهۆی ئەو هەڕەشە ئەلیکترۆنیانەوە دووچاری بوونەتەوە. زۆر جار، ئافرەتان بەهۆی نامەیەک یاخود زەردەخەنەیەک دووچاری کێشەی گەورە بوونەتەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، بۆیە هێزە ئەمنییەکان توانیوویانە ئەو ئافرەتانە بپارێزن و تاوانباریش بداتە دادگا".
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2024 بڕیاریدا، کۆمپانیاکان و بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی ئاگەدار کردەوە، سیمکارتەکانیان بەشیوەیەکی یاسایی بفرۆشن، ئەو بڕیاڕەش لەپێناو ڕێگریی لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەرکرا.