عێراق؛ ڕۆژێک کرایە پشووی فەرمی

دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا
دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت بکرێتە پشووی فەرمی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بڕیاریدا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 25ـی ئابی 2024، ببێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم وەزارەتەکان و دامودەزگا حکوومییەکان کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی ئیمام حوسێن.

هەروەها لە 18ـی ئابی 2024، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاند، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش، لە هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکانی پارێزگای بەسرە دەبێتە پشوو.

تاوەکوو ئیستە، هەر یەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، واست، کەربەلا، نەجف، بابل و دیوانییە پشوویان لە دامودەزگاکانی حکوومەت بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە ڕاگەیاندووە و چاوەڕێش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چەند پارێزگایەکی دیکەش پشوو ڕابگەیەنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، میقداد میری، گوتەبێژێکی لێژنەی باڵای زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن ڕایگەیاندووە "تاوەکوو ئێستە زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە سەردانی عێراقیان کردووە و 679 هەزاریان، دوای تەواوکردنی ڕێوڕەسمی زیارەتکردن گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان".

پێشتریش دەستەی گەشتوگوزاری سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق پێشبینی کردبوو کە ئەمساڵ بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، ژمارەی زیارەتکارانی شیعە بۆ عێراق بگاتە 13 ملیۆن کەس کە زۆرینەیان هاووڵاتی وڵاتانی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان و وڵاتانی کەنداو دەبن.

ساڵی ڕابردوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی گەیشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس؛ چوار ملیۆنیان زیارەتکاری ئێرانی بوون. بۆ ئەمساڵیش، ئێران پێشبینی دەکات ژمارەی زیارەتکارانی وڵاتەکەی بۆ عێراق بگاتە 4.6 ملیۆن کەس.

چلەی ئیمام حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئایینییەکان لە لای شیعە مەزهەبەکان و پەیڕەوانی بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی ده‌كه‌ن.