ئیسرائیل بەهەڵە هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک سەربازی خۆی

سوپای ئیسرائیل، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە، بە هەڵە باڵەخانەیەک بۆمباران دەکات کە سەربازانی ئیسرائیلی تێدا بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاو کراوەتەوە، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسماندا بۆ سەر ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە، بۆمبێک بەهەڵە دەهاوێژێتە باڵەخانەیەک کە سەربازانی ئیسرائیلی تێدا بووە و لە ئەنجامدا سەربازێکی ئیسرائیلی کوژرا و شەش سەربازی دیکەش بریندار بوون کە برینی سێیان سەختە.

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەسەر پێشنیازەکەی واشنتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەمەریکا، میسر و قەتەر ڕایانگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەست لە غەززە و تیمە تەکنیکییەکان لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی واشنتن زیاتر گفتوگۆ دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، میسر و قەتەر پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆ دەبنەوە و بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، واشنتن لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، کە پێشنیازێکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، پەسەند کرا، بە پشتیوانی میسر و قەتەر هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەست لە غەززە.

هەر چەندە پێشتر حەماس ڕایگەیاندبوو بەشداری لە دانوستانەکانی دەوحە ناکات، لە یەکەم کاردانەوەش لە بارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند: پابەندبوون بە هیچ یەکێک لەو خاڵانەی تێدا نییە کە پێشتر لە 2ـی تەمموز ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

دووشه‌ممه‌، 19ـی ئابی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 40 هه‌زار و 139 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هاوكات، ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته زیاتر 92 هه‌زار و 734 كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.