وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: پێشنیازێکی نوێمان بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە خستووەتە ڕوو
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، پێشنیازێکی نوێیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کردووە؛ دەیانەوێت شەڕەکە لە زووترین کاتدا ڕابگیرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن.
سێشەممە، 20-08-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، واشنتن پێشنیازێکی نوێی بە مەبەستی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل؛ بۆ هەردوولایەن خستووەتە ڕوو.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، پێشنیازە نوێیەکەی ئەمەریکا هیچ بیانوویەک حەماس و ئیسرائیل ناهێڵێتەوە تاوەکوو پابەندی ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست نەبن. گوتیشی: ئەمەریکا دەیەوێت لە زووترین کاتدا شەڕی غەززە ڕابگیرێت و هەموو بارمتەکانی بندەستی حەماس ئازاد بکرێن.
لەبارەی ئەوەی قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل چی دەبێت؛ سەرچاوەکە باسی لەوە کرد: هاوکارییە مرۆییەکان دەگەیەندرێنە ئاوارەکانی غەززە و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەکرێت، بەڵام جەختیشی کردەوە لەوەی "حەماس هیچ ڕۆڵێکی لە داهاتووی غەززەدا نابێت".
ماوەی 319 ڕۆژە شەڕی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەردەوامە؛ لە ئەنجامی شەڕەکە زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی فەڵەستینی لە غەززە کوژران و زیاتر لە 80 هەزار هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون. لە بەرامبەردا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی و سەربازیی ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربوون.
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، کاریگەریی نەرێنی لەسەر گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە هەبوو و وایکرد، گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە زەحمەتر ببێت؛ بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند، سوورە لەسەر ئەوەی تۆڵەی کوژرانی هەنییە لە ئیسرائیل بکاتەوە.
دووشەممە، 19-08-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەسەر داوای جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی تەلئەڤیڤی کردووە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە" و دووپاتیشی کردەوە "دانوستانەکانی ئێستە کۆتا دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد "ئێستە کاتی ئەوەیە دڵنیایی بدەن لەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست پەک بخات و کاریش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەین".