هەرێمی کوردستان توانای گلدانەوەی 150 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە

بەنداوی بەستۆرە
بەنداوی بەستۆرە

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کورستان لە ماوەی كاركردنی خۆیدا، سەرنجێكی گرنگی خستە سەر پلاندانان بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئاو و پاراستنی سامانی ئاو لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستە چەندین بەنداو و پۆندی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

لە هەرێمی کوردستان 34 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، 23 لەو بەنداوانە تەواو کراون و 11 بەنداوی دیکەش لەژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان، تەنیا لە کابینەی نۆیەم، شەش بەنداو: چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان و شەوگێڕ تەواو کراون و کۆتاییی ئەمساڵیش هەریەك لە بەنداوەکانی گۆمەسپان و بەستۆڕە کارەکانیان کۆتایی دێت.

لەبارەی ژمارەی پۆندەکانیش لە هەرێمی کوردستان 118 پۆند هەیە و هەشت پۆندی گەورەیان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون و 43 پۆندی دیکەش دروست دەکرێن.

ئامانج لە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی جوتیاران، كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، ئەمەش بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی زەوی و ژینگە و ئاو، هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت.

ئێستا هەرێمی کوردستان توانای گلدانەوەی 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەهۆی ئەو بەنداو و پۆندانەی لەماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کردووە.

بەنداوی دێوانە

ڕووبەری بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان ملیۆنێك و 318 هەزار مەتردووجایە، بەرزییەکەی 42 مەترە، درێژییەکەی 260 مەترە؛ کارەکانی بە ڕێژەی 100% تەواو کراون.

بەنداوی دێوانە بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، گەشتیاری، سامانی ماسی سوودی لێ وەردەگیرێت.

بەنداوی خنس

ڕووبەری بەنداوی خنس لە سنووری پارێزگای دهۆک، 820 هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی 34.5 مەترە و درێژییەكەی 195 مەترە. لە ئێستادا بەنداوەكە 5.9 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە و كارەكانی تەواو بووە.

بەنداوەكە بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ئاودێری، گەشتیاری و سامانی ماسی كەڵكی لێ وەردەگیرێت.

بەنداوی ئاقووبان

ڕووبەری بەنداوی ئاقووبان 400 هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی 31 مەترە، توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و کارەکانی لە كابینەی نۆیەمدا بە ڕێژەی 100% تەواو كرا.

بەنداوەکە دەکەوێتە سنووری قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، گەشتیاری، بواری ماسی و ئاودێری سوودی لێ وەردەگیرێت. لایەنێكی دیكەی گرنگی بەنداوەكە، پاراستنی ژینگەیە و ڕێگر دەبێت لە ڕوودانی لافاو زیانگەیاندن بە ناوچەكە.

بەنداوی گۆمەسپان

بەنداوی گۆمەسپان، سێیەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمی کوردستان؛ بەرەو تەواوبوونی یەكجاری دەچێت و دەبێتە گەورەترین بەنداوی سنووری پارێزگای هەولێر.

ڕووبەری بەنداوەکە شەش ملیۆن و 120 هەزار مەتر دووجایە و بەرزییەکەی 70 مەترە و درێژییەکەی 512 مەترە و ئەمساڵ 11 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدرایەوە کە توانی گشتیی بەنداوەکە 97 ملیۆن مەترس سێجایە.

بەنداوەكە دەتوانێت 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بداتەوە و گەورەترین ژینگەی ئاوی بۆ پارێزگای هەولێر دابین بکات.

بەنداوی چەمرگە

پڕۆژەیەکى ستراتیژیی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە سنووری دەشتی هەولێر کە کارەکانی بەڕێژەی %100 جێبەجێ کراوە.

بەنداوی چەمرگە توانای گلدانەوەی بڕی ملیۆنێک و 110 هەزا مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەرزییەکەی 17.5 مەتر و درێژییەکەی 262 مەتر و پانییەکەشی هەشت مەترە. تێچووی دروستکرنی ئەم بەنداوە چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە و بە توانا و شارەزاییی ناوخۆیی و سوودوەرگرتن لە ستانداردى جیهانى، دروستکراوە.

بەنداوی چەمرگە ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى، کەمئاویى لە وەرزى هاوین، کەمکردنەوەى مەترسییەکانى دروستبوونى لافاو لە وەرزى بارانباریندا. جگە لە جوانترکردنی دەشتى هەولێر و بووژاندنەوەى کەرتى گەشتیارى لە ناوچەکە، سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ شاری هەولێر.

بەنداوی بەستۆڕە

بەنداوی بەستۆڕە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و بەرزییەکەی 35 مەترە و پانییەکەی 180 مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا کۆ کراوەتەوە.

بەنداوەکە دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108 کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت؛ هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.

بەنداوی تووڕەجار

بەنداوەکە لەسەر ڕووبەری 450 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، بەرزییەکەی 17 مەترە، توانای گلدانەوەی دوو ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە؛ کارەکانی بە ڕێژەی 100% لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەواو کراوە.

بەنداوی تووڕەجار، بۆ مەبەستی ئاژەڵداری، ئاودێری، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی سوودی لێ وەردەگیرێت و دەتوانێت سوودێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دەڤەری گەرمیان بگەیەنێت.

سامانی ماسی

بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 413 پرۆژەی ماسی لە هەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەرهەمی ساڵانەیان چوار هەزار و 700 تۆن ماسییە، پێداویستیی ناوخۆیی بۆ بەرهەمی ماسی، ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری ئاوی، کارئاسانییەکی تەواو بۆ پرۆژەکانی ماسی دەکات. هەروەها لەمساڵدا نزیکەی 80 هەزار پەنجەماسی، خراونەتە بەنداوەکانی چەمرگە و خنس.