ئومێد خۆشناو: ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازی و خزمه‌تكردنی زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن سه‌ركه‌وتووه‌

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

سێشه‌ممه‌، 20ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ڕایگه‌یاند، سێیه‌م ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن ده‌كاته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی خۆیه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی خوارووی ده‌گوازرێنه‌وه‌.

ئومێد خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازی و خزمه‌تكردنی زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نوێیه‌، به‌ڵام ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووه‌.

پارێزگاری هەولێر باسی له‌وه‌ش كرد، كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ئاستی باڵادا ستایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌ پێشوازیكردنی له‌ زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن.

ئومێد خۆشناو گوتیشی، سه‌رۆك بارزانی فه‌رمانی كردووه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن بكرێت و خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش بكرێت. هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایانسپاردوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویست بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.

سێشه‌ممه‌، 20ـی ئابی 2024، نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، سوپاسی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ پێشوازیكردنیان له‌ زیاره‌تكارانی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن.

نەسروڵڵا ڕەشنوودی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سوپاسی تایبه‌تی بۆ ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی و هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ئه‌رێنی بۆ سه‌ردانیكه‌رانی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن.

کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر سوپاسی تایبه‌تریشی بۆ سه‌رۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ فه‌رمانیان كردووه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئاسانكاری و خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ زیاره‌تكارانی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن.

ساڵانە، ژمارەیەکی زۆری شیعە مەزھەب لە ناوچەکانی دیکەوە بە پیادە ڕوو دەکەنە شاری کەربەلای باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بکەن، بەشێک لەو زیارەتکارانەش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا.

چلەی ئیمام حوسێن حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئایینییەکان لە لای شیعە مەزهەبەکان و پەیڕەوانی بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی ده‌كه‌ن.

Fly Erbil Advertisment