نازم هەرکی: پارێزگای نەینەوا بە سیاسی و سەربازی کراوە

خالید دەبوونی: دۆخی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ناسرووشتییە

نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ی شنگالی پارتی و خالید دەبوونی، سەركردە لە پارتی موتەحیدون
نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ی شنگالی پارتی و خالید دەبوونی، سەركردە لە پارتی موتەحیدون

K24 – هەولێر:

بەرپرسی لقی 17ـی شنگالی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئیدارەدانی ئێستەی پارێزگای نەینەوا خراپە و، تەنیا پارتی لە پارێزگاکە بڕیارەکانی لەدەستی خۆیدایە، ئەگینا لایەنەکانی دیکە لە دەرەوەی نەینەوا بڕیار وەردەگرن. سەركردەیەکیش لە پارتی موتەحیدون گوتی: لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەو شێوازەی ئێستە و بەو سیاسەتەی کە سەپێندراوە بەردەوام بێت.

نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ی شنگالی پارتی و خالید دەبوونی، سەركردە لە پارتی موتەحیدون لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە دۆخی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە نایاسایی بوو، هەروەها بڕیارەکانی ئەنجوومەن بەبێ ڕێککەوتنی لایەنەکان بووە.

لە دەستپێکدا خالید دەبوونی، سەركردە لە پارتی موتەحیدون، ڕایگەیاند، دۆخی ئێستەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ناسروشتییە و چارەکردنی کاتێکی زۆری پێویستە، هەروەها "دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هیواخواز بووین ئەنجوومەنی پارێزگاکە خزمەتگوزاری بێت و داواکاری خەڵکی نەینەوا بەدی بهێنیت."

ئەو سەرکردەیەی پارتی موتەحیدون، ئاماژەی بەوە کرد، ململانێکان و کێشەکان باڵیان بەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا کێشاوە، دەبوو ئەنجوومەنەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن پۆستی یەکە ئیدارییەکانی دابەش بکردبایە، بەڵام ئەوەی لە دوا دانیشتن ڕوویدا پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان بوو.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، پارتە شیعییەکان دەیانەوێت ئەنجوومەنەکە بەو شێوازە و سیاسەتەی ئێستە کە سەپێندراوە بەردەوام بێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی نەینەوا ئاڕاستە دەکرێن.

خالید دەبوونی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سوننەکان لە پارێزگاکە لە دۆخی پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونێکی گەورەدان، هەروەها سونەکانی نێو پەرلەمانی عێراقیش پەرتەوازە بوونە و نایانتوانیوە تا ئێستە رێککەون بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دابنێن.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بێجگە لە پارتی زۆربەی لایەنەکانی دیکە سەر بە نەینەوا نین، هەروەها پارتە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرکردایەتییان لە دەرەوەی پارێزگای نەینەوایە.

ئەو سەرکردەیەی پارتی موتەحیدون، گوتیشی: لە بارودۆخی نەینەوا ڕازی نین و ئەنجوومەنەکە پەکی کەوتووە، بەڵام هیوایەک هەیە لە ماوەکانی داهاتوو بگەینە ڕێککەوتن.

لای خۆیەوە نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ی شنگالی پارتی، گوتی: جێگەی داخە کە پارێزگای نەینەوا بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی لایەنەکان بوو.

بەرپرسی لقی 17ی شنگالی پارتی، باسی لەوەش کرد، چەند کەسانێک پارێزگای نەینەوا بەڕێوە دەبەن و قیادەیەکی سیاسی ئەو پارێزگایە بەڕێوە نابات، هەروەها تەنیا پارتی لە نەینەوا بڕیاری لەدەستی خۆیدایە.

هاوکات گوتیشی: کڕین و فرۆشتن بە دەنگ و پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکرێت و ئەندامانی ئەنجوومەن هەڕەشەیان لێ دەکرێت.

نازم هەرکی، ئەوەشی خستەڕوو، "پارێزگای نەینەوا بە سیاسی و سەربازی کراوە و داهاتووی پارێزگاکە باش نابینم."

Fly Erbil Advertisment