بلینکن: ڕێگە بە داگیرکاری درێژخایەنی ئیسرائیل نادەین

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: ئاگربەستی غەززە دۆخی ناوچەکە هێور دەکاتەوە، هەروەها پەیامیان بۆ ئێران و حزبوڵڵا ناردووە کە سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێن.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا لەبارەی ئاگربەستی غەززەدا گوتی: کار دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، هاوکات پەیاممان ڕوونە دەبێت ئاگربەست لە کەرتی غەززەدا ڕابگەیندرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی غەززە دۆخی ناوچەکە هێور دەکاتەوە، هەروەها پەیامیان بۆ ئێران و حزبوڵڵا ناردووە کە سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێن.
جەختی لەوەش کردەوە، ڕێگە بە داگیرکاری درێژخایەنی ئیسرائیل نادەن. هاوکات دەڵێت: کار دەکەین بۆ ئەوەی حەماس لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا بەشدار بێت.
19ـی ئابی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان کاردەکەین بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخی ناوچەکە و پێویستە هەمووان خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاو یان کارێک بەدوور بگرن کە گرژییەکان زیاتر و توندوتیژییەکان فراوانتر دەکەن.
بلینکن گوتیشی: گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی باشترین ڕێگەیە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ناتانیاهۆ دڵنیای کردمەوە کە ئیسرائیل ئەو پێشنیارەی قبوڵ کردووە کە پێشکەش کراوە، حەماسیش ئێستا دەبێت قبووڵی بکات.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شارەزایان لە تیمی دانووستانەکانیان کاردەکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە پێشکەش بکەن.
بلینک گوتیشی: تا ململانێکان درێژە بکێشن، بارمتەکان زیاتر ئازار دەچێژن و لەوانەشە گیان لەدەست بدەن، بۆیە دەچمە میسر و قەتەر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سیسی و شێخ تەمیم بۆ زیاتر پشتیوانیکردن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و دروستکردنی فشار بۆ ڕازیکردنی لایەنەکان.