وەزیری شارەوانی: بە پڕۆژە و پلانی نوێ گەشەی زیاتر بە شەقڵاوە بدرێت

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار  داوا دەکات کار لەسەر خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوە و جوانکاریی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و بایەخدانی زیاتر بە دەروازەکانی شاری شەقڵاوە، بکرێت، هاوکات بە پڕۆژە و پلانی نوێ، گەشەی زیاتر بە شاری شەقڵاوە بدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە و سەرۆک بەشەکانی سەرۆکایەتییەکە کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ سەبارەت بە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ڕۆتین و ماستەرپلانی شەقڵاوە و کەرتی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و کۆنکرێت و پارک و باخچە و ڕێکخستنەوەی ناوچە سەوزاییەکان و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی شەقڵاوە بەگشتی کرا.

وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویسته خزمەتی زیاتری شەقڵاوە، بە تایبەتی لە پرۆسەی خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوە و جوانکاریی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و بایەخدانی زیاتر بە دەروازەکانی شاری شەقڵاوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک خزمەتی دانیشتووانی شەقڵاوە بکرێت، چونکە هاووڵاتییان جێگەی بایەخدانی حکوومەتن، هەروەها داوای لێکردن دەبێت بە پڕۆژە و پلانی نوێ، گەشەی زیاتر بە شاری شەقڵاوە بدرێت.

Fly Erbil Advertisment