ڕەوا دلێمی: لە گرتووخانەکانی عێراق جگەرە بە لاشەی ئافرەتان دەکوژێننەوە
چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایدەگەیەنێت: لە گرتووخانەکانی عێراقدا، ئافرەتە زیندانییەکان ئەشکەنجە دەدرێن و جگەرە بە لاشەیان دەکوژێندرێتەوە.
چوارشەممە21ـی ئابی 2024، ڕەوا دلێمی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و نوێنەری خانەوادەی زیندانیکراوان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، ڕەوشی زیندانییەکان لە عێراق زۆر خراپە، خزمەتگوزاریی نییە و گرتووخانەکان زۆر جەنجاڵن، کێشەی تەندروستیی هەیە، دەڵێت: لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدرێت و بە هەڕەمەکی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. گوتی: هەندێ خاوەن پێداویستی تایبەت لە زیندانەکان هەن، جگەرە بە لاشەیان دەکوژێننەوە و تاوانیان دەرهەق دەکرێت، پێویستە چاودێریی بارودۆخی زیندانیان بکرێت.
ڕەوا دلێمی دەڵێت: داوامان کردووە بارودۆخی زیندانیان چاک بکرێت. دەشڵێت: ئێمە نازانین هۆکاری خراپیی دۆخی زیندانەکان و بۆ وا لە ئافرەتانی زیندانیی دەکەن، زۆرێک لەو ئافرەتانە بێ تاوانن کە لە زیندانن، بارودۆخی هەر ئافرەتێک زۆر خراپە، ب ۆ کڕینی یەک سابوون، سێ هەزار دیناریان لێ وەردەگرن .
دلێمی، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بارودۆخی زیندانەکان چاک بکەن، چونکە ئافرەتانی ئەو زیندانانە زۆر خراپە، ئەگەر چاک نەکرێت، ئەو ئافرەتانە بێنە دەرەوە تاوانی گەورە دەکەن.
دەڵێت: لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان لە وڵاتان هەیە، کەچی لە عێراق جیاوازیی لەنێوان تاوانبار و بێتاواندا نییە، زۆرجار لێکۆڵینەوە دووبارە دەکرێتەوە، بۆیە یاسای لێبووردنی گشتی وەک چارەیەکی گونجاو دەبینین.
ڕەوا دلێمی ئاشکرای کرد، لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەکەوە سووکایەتیی بە کەسوکاری زیندانیان دەکرێت. تەنها پێنج خوولەک دەرفەت بەکەسوکاری زیندانییان دەدەن، کەسە گیراوەکانیان ببینن. دەڵێت: پێویستە چارەی ئەو بارودۆخە بکرێت، خواردن و دەرمان بە زیندانیان ناگات.
بەگوێرەی ئامارێکی سەنتەری ستراتیجیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە سێ هەزار زیندانی ئافرەت لە زیندانەکانی عێراقن و بەدەست جەنجاڵی زیندانەکانەوە گیرۆدەن، سەنتەری ستراتیجی ئاماژە بەوە دەکات "هۆکارەکانی تاوانکاریی لەناو ئافرەتان بەهۆی هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و لاوازی ئاستی ئابووری و بژێوییە کە حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە".