چین.. ئاژەڵە ماڵییەکان ژمارەیان لە منداڵانی خوار چوار ساڵ زیاترە
ئاژەڵە ماڵییەکان بوونەتە هەڕەشە لە سەر کۆمەڵگەی چین
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی وەبەرهێنانی ئەمەریکا (گۆلدمان ساکس) پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان لە شارەکانی چین لە ژمارەی منداڵانی خوار چوار ساڵان زیاتر بێت، بەمەش تاوەکوو کۆتایی ئەم دەیە بازاڕێکی 12 ملیار دۆلاری بۆ ساغکردنەوەی خۆراکی ئاژەڵی ماڵی بڕەخسێت.
هەر لە ڕاپۆرتی بانکە ئەمەریکییەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی کوڕان و کچانی چینی لە بری ژنهێنان و شووکردن، زیاتر حەز بە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک سەگ و پشیلە دەکەن، پێشبینی دەکرێت ساڵانە ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان لە چین بەردەوام لە زیادبوون بێت.
بانکەکە لە ڕاپۆرتێکی 104 لاپەڕەییدا باسی لە بازاڕی ئاژەڵانی ماڵی دەکات و پێشبینی کردووە لە ئێستاوە تاوەکو 2030، گەشەی ساڵانەی ئەو بازاڕە 19% بێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم خولیابوونەی کچان و کوڕانی چین بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان، ڕەنگە تاوەکوو ساڵی 2030 بەشێوەیەک زیاد بکات کە ژمارە ئاژەڵەکان دوو هێندەی ژمارەی منداڵانی خوار چوار ساڵان بێت، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ دەکاتە سەر دیموگرافیای چین، چونکە لەگەڵ کەم کردنەوەی ژمارەی دانیشتووانی، بە پێچەوانەشەوە ژمارەی بەساڵاچووان زیاد دەکات و ژمارەی لەدایکبوونەکان بە تەواوی کەم دەبنەوە.
گۆلدمان ساکس ئاشکرای کردووە، لە ساڵی 2017 لە چین نزیکەی 90 ملیۆن منداڵی ساوان تاوەکوو تەمەن چوار ساڵ هەبوون، لە بەرانبەردا 40 ملیۆن سەگ و پشیلەی ماڵی هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان گەیشتووەتە 54 ملیۆن، پێشبینی دەکات تاوەکوو 2030 بەهۆی پێگەیشتنی کچان و کوڕانی لاو و بەرەسەندنی خۆگربوون بە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان، ژمارەی ئاژەڵەکان لە کۆمەڵگەی شار نشینەکانی چین بگاتە 70 ملیۆن.
لاورا لو تەمەن 30 ساڵان کە بەخێوکەری ئاژەڵی ماڵییە و سێ پشیلەی هەیە دەڵێ: ئەوەی من دەیبینم حەزەکانی بەخێوەکردنی ئاژەڵانی ماڵی بەردەوام لە زیادبوونە هەرچەندە خەرجی هەر یەكێک لە پشیلەکان مانگانە نزیکەی 70 دۆلاری ئەمەریکییە، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان زۆر ئاسانتر و هەرزانترە لە پارێزگاریکردن لە هێشتنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ مرۆڤەکان.