ئەمەریکا: بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە بۆ کوردستان هاوکار دەبین

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ جەنەڕال هام فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ جەنەڕال هام فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت: بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە بۆ کوردستان هاوکار دەبن، دەڵێت: پرۆسەی چاکسازیی بگەیەننە دەرئەنجامی گرنگ و پێویست لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

چوارشەممە 21ـی ئابی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەراڵ هـام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەت و ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتەکە ئامادەیبوون، وەزیری پێشمەرگە باسی پرس و پرۆسەی چاکسازیی کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاند:  چاکسازیی پرۆسەیەکی حەتمییە، لەم پێناوەدا بەردەوامین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیادنانی فیرقە و دەڤەر لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هاوکاریی و هەماهەنگی راوێژکاران و دیپلۆماتکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی کرد و ڕۆڵی ئەوانی بەرز نرخاند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستن و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

لە بەرامبەردا جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق پاڵپشتی و پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: لە بنیادنانی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە بۆ کوردستان هاوکار دەبین و ئومێدمان وایە پرۆسەی چاکسازیی بگاتە دەرئەنجامی گرنگ و پێویست لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

Fly Erbil Advertisment