زانیاریی نوێ لەبارەی تۆڕە سیخوڕییەکەی نووسینگەی سوودانی ئاشکرا دەبێت

دوای ئاشكرابوونی تۆڕێكی سیخوڕیكردن له نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، كه دزه‌یان كردووه‌ته ناو په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و په‌رله‌مانتاران، سوودانی فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌و تۆڕه‌ی ده‌ركرد.
نهێنییه‌كی مه‌ترسیدار له ناو كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تى عێراق ئاشكرا ده‌كرێت. به گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، دوای ئاشكرابوونی زانیاری له‌باره‌ی بوونی تۆڕێكی سیخوڕیكردن و دزه‌كردنی ناو په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران له نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران، سوودانی فه‌رمانی له كار دوورخستنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و تۆڕه ده‌ركردووه، تا ئه‌و كاته‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه ته‌واو ده‌بێت، وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، له‌ناو ئه‌و تۆڕه‌دا كه‌سانی پله ئه‌فسه‌ریش هه‌ن.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی نووسینگەی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سوودانی به‌ڵێنی داوه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و كه‌سانه خۆش نه‌بێت، كه سه‌رپێچی یاسایان كردووه و پاڵپشتی هه‌موو رێكاره یاساییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه ده‌كات.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه مسته‌فا سه‌نه‌د، په‌رله‌مانتاری عێراقی له پۆستێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك ورده‌كاری زیاتری ئاشكرا كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ كه تایبه‌ته به پرسه‌كانی تیرۆر، تۆڕێكی سیخوڕیكردنی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی له كۆشكی حكوومه‌ت ده‌ستگیر كردووه، له‌ناویان كه‌سێكی نزیك له سوودانی به ناوی محه‌ممەد جوحی و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی دیكه‌ش هه‌ن.
سه‌نه‌د له پۆسته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ئه‌و تۆڕه ژماره‌یه‌كی كاری نابه‌جێی ئه‌نجام ده‌دا، له‌وانه‌ش: سیخوڕیكردن به‌سه‌ر مۆبایلی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌داران، له‌ناویشیان ژماره‌ی مۆبایلی منیش هه‌بوو، هه‌روه‌ك ئه‌و تۆڕه له‌ڕێگه‌ی هه‌واڵ و زانیاری ساخته‌وه سیفه‌تی ساخته‌ی ده‌دایه پاڵ سیاسه‌تمه‌داران و پیاوانی كار و خاوه‌ن كه‌ناڵه میدیاییه‌كان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه تۆڕه ده‌ستگیركراوه‌کە دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه و گوته‌كانیان وه‌رگیراوه و له یه‌كێك له گوته‌كانیاندا دانیان به‌وه‌دا ناوه، یه‌كێكیان له ڕێگه‌ی ژماره ته‌له‌فۆنێكه‌وه خۆی وه‌ك سه‌عد به‌زاز، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی شه‌رقییه نواندووه و وێنه‌یه‌كی ساخته‌ی هه‌ریه‌ك له مسته‌فا سه‌نه‌د، عوده‌ی عه‌واد، محه‌مه‌د نوری و هه‌یثه‌م زه‌هوانیی هاوپێچی هه‌واڵێكی ساخته كردووه و بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی ناردووه و دواتر هه‌مان وێنه‌ی له ڕێگه‌ی ژماره تایبه‌ته‌كانیانه‌وه بۆ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ناردووه.
سه‌نه‌د ده‌ڵێت، فشاری زۆر بۆ ئازادكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه چڕكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دادوه‌ری تایبه‌ت به‌و كه‌یسه تا ئێستا ملكه‌چی ئه‌و فشارانه نه‌بووه و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش كه له كاره‌كانیاندا زیانمه‌ند بوونه، سكاڵاكانیان تۆماركردووه و گوته‌كانیان په‌سه‌ند كراون.