ئه‌فغانستان؛  تاڵیبان شكاندن و سووتاندنی پتر له‌ 20 هه‌زار ئامێری مۆسیقا ڕاده‌گه‌یه‌نێت

دووكانێكی مۆسیقافرۆشتن، چه‌كدارێكی تاڵیبان له‌ ناویدا وه‌ستاوه‌
دووكانێكی مۆسیقافرۆشتن، چه‌كدارێكی تاڵیبان له‌ ناویدا وه‌ستاوه‌

به‌رپرسانی حكوومه‌تی تاڵیبانی ئه‌فغانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا زیاتر له‌ 20 هه‌زار ئامێری مۆسیقایان شكاندووه‌ و سووتاندووه‌ و له‌ناو بردووه‌.

چوارشه‌ممه‌، 21ـی ئابی 2024، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی "ئه‌مر به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌"ـی حكوومه‌تی تاڵیبانی ئه‌فغانی، ڕایانگه‌یاند، وه‌كوو ئه‌ركی ساڵانه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا 21 هه‌زار ئامێری مۆسیقایان له‌ناو بردووه‌.

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی "ئه‌مر به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌" له‌ حكوومه‌تی تاڵیبان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ دژی ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ "دژی ئیسلامن"

هاوكات پۆلیسی ڕه‌وشت له ئه‌فغانستان هانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی داوه‌ له‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كاندا مۆسیقا به‌ كار نه‌هێنن. ده‌شڵێت، هه‌زاران كاسێتی فیلمی به‌دڕه‌وشتیان له‌ناو بردووه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ كۆمپیوته‌ر كه‌سیدا گرتووه‌.

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی "ئه‌مر به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌" ڕوونیشیان كردووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی تاڵیبان حوكمی ئه‌و وڵاته‌ی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، توانیویانه‌ به‌ ڕێژه‌ی 90% چاكسازیی له‌ ده‌زگه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.