كتێبی گینس نازناوی به‌ ته‌مه‌نترین ئافره‌تی جیهان ده‌به‌خشێته‌ شاخه‌وانێكی ژاپۆنی

تۆمیکۆ ئیتۆکا
تۆمیکۆ ئیتۆکا

كۆمه‌ڵه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه جیهانییه‌كان نازناوی بە تەمەنترین جیهان دەبەخشێتە ئافره‌تێكی ژاپۆنی كه‌ پێشتر شاخه‌وان بووه‌.

چوارشه‌ممه‌، 21ـی ئابی 2024، كۆمه‌ڵه‌ی توێژینەوەی پیرەکان کە بنکەکەی لە ئەمه‌ریکایە ڕایگه‌یاند، كتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كانی جیهان ناسناوی بە تەمەنترین کەسی جیهانی به‌خشییه‌ شاخەوانێکی ژاپۆنی تەمەن 116 ساڵ، ئەوەش دوای مردنی ماریا برانیاس مۆرێرای ئیسپانی لە تەمەنی 117 ساڵیدا.

كۆمه‌ڵه‌ی توێژینەوەی پیرەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، تۆمیکۆ ئیتۆکا لە 23ـی ئایاری 1908 لە دایک بووە و لە شاری ئاشیا لە ڕۆژئاوای ژاپۆن دەژی و پێشتر شاخه‌وان بووه‌.

سێشه‌ممه‌، 20ـی ئابی 2024، هەواڵی کۆچی دوایی ماریا برانیاس مۆرێرای تەمەن 117، کە خەڵکی ئیسپانیا بوو وەک بە تەمەنترین ئافرەتی جیهان، بڵاو كرایه‌وه‌.

خانەوادەی ماریا برانیاس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵی مردنەکەیان بڵاو کرده‌وه‌ و ئاماژەیان به‌وه‌ كرد "ماریا هەردوو جەنگیی یەکەم و دووەمی جیهانی و شەڕی ناوخۆی ئیسپانیای بینیوە و بڵابوونەوەی چەند پەتایەکی تێپەڕاندووە".

خانەوادەکەی نووسیویانە: دواجار ماریا لە ژووری نووستنەکەیدا بەبێ هیچ ئازارێک لەنێو پێخەفەکەیدا سێشەممە 20ـی ئابی 2024، گیانی سپارد.

ئەم ئافرەتە ئیسپانییە لە دوای کۆچیی دوایی لوسێل ڕاندۆنی 118 ساڵ لە 17ـی کانوونی دووەمی 2023 لە خانەیەکی بەساڵاچووان لە فەرەنسا، بە گوێرەی کتێبی پێوانە جیهانییەکان بە تەمەندرێژترین مرۆڤی جیهان ناسێندرا.

هەروەها سەلامەتیی و تەندروستی ماریا برانیاس لە ئایاری 2020 بووە سەردێر و مانشێتی مێدیا جیهانییەکان بە بۆنەی ئەوەی توانی بەر لە دابینکردنی ڤاکسین، پەتای کۆرۆنا (COVID-19) تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا ئیسپانیا لە ئاستی ئەورووپادا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی ئەو پەتایەوە پێ کەوت.