عێراق.. قەیرانی پارەی نەختینە سەرهەڵدەدات
K24 – بەغدا:
ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق قسەی جیاواز لەسەر نەبوونی پارەی نەختینە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە دەکەن و بەشێکیان دەڵێن: وەزارەتی دارایی کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە ئاشکرا ناکات، چونکە ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر بەهای دیناری عیراقی هەیە و دەبێتە هۆی شڵەژانی بازار.
بەهۆی کەمی پارەی نەختینە، وەزارەتی دارایی عیراق داوای لە وەزارەتەکانی دیکە کردووە خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە تاوەکوو بتوانن چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە. هەر ئەمەش وایکردووە مووچەی مانگی 8 بەشێکی زۆری وەزارەتەکانی عیراق دوا بکەوێت، لەوانە مووچەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، 10 ڕۆژ لە وادەی دیاریکراوی خۆی دوا کەوت.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی دەڵێن: کێشەی کەمی پارەی نەختینەمان نییە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان بەهۆی کاریگەری خراپی دۆخی دارایی عیراق و شڵەژانی بازار، وەزارەتی دارایی نایەوێت ئەم پرسە ئاشکرا بکات.
ڕائید مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هیچ بەرچاوڕوونییەک لەبارەی پارەی نەختینە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نییە؛ ئەم بابەتە بە تەواوی شاردراوەتەوە، کەس نازانێت چۆنە. حکوومەت ئاشکرای ناکات چەند پارەی نەختینەی لەبەر دەستە.
کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە، ئەندامانی لێژنەی دارایی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، ئیخلاس دلێمی و مستەفا گەرعاوی دوو ئەندامی لیژنەی دارایین و دەڵێن: وەزارەتی دارایی کێشەیەکی گەورەی لە دابینیکردنی پارەی نەختینە بۆ دروست بووە و ئەگەر چارە نەکرێت بۆ مانگەکانی داهاتوو کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عیراق دروست دەبێت.
لای خۆیەوە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: کێشەی پارەی نەختینەمان نییە و وەزارەتی دارایی پارەی نەختینەی لەبەر دەستە و هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەراندا نییە، هەروەها دڵنیایی دەدەین لەوەی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی زامن کراوە.
بوودجە گشتی عیراق بۆ ساڵی 2024، 211 ترلیۆن دینار بوو و تێیدا 64 ترلیۆن کورتهێنانی هەبوو، بەڵام ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت بەردەوام بێت ئەوا ڕێژەی کورتهێنانیش زیاتر دەبێت.