تورکیا ئاماری پەنابەران و هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات

K24 – هەولێر:
فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە لە تورکیا 13 ملیۆن هاووڵاتی بیانی بژین کە حەوت ملیۆنیان سووری بن.
فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، کۆی گشتی ژمارەی هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتەکەی، چوار ملیۆن و 425 هەزار و 230 کەسن و هەموویان بەشێوەیەکی یاسایی لە تورکیا دەژین.
ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی کۆچ دوای ئەوە دێت، پەنابەران و کۆچبەرانی سووری و وڵاتانی دیکە دوو ساڵە بوونەتە بابەتێکی سەرەکیی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی تورکیا بەشێوەیەک، ئاماری فەرمی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دانی پێدانانرێت و ئەوان دەڵێن ژمارەکە زۆر لەوەی ئاشکرا کراوە، زیاترە.
بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پێیان وایە 13 ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر لە تورکیا هەن، بەڵام فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێ ژمارەکە دوورە لە ڕاستی و ئێستا سێ ملیۆن و 99 هەزار و 524 هاووڵاتیی سووری لە تورکیا دەژین. هاوکات فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە، 221 هەزار و 535 هاووڵاتی بیانی هەن کە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیی دان. لەگەڵ بوونی ملیۆنێک و 104 هەزار و 535 کەسی دیکە کە خاوەنی مافی مانەوەی نیشنگەن لە تورکیا.
بەکارهێنانی پەنابەران و کۆچبەران لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ گەیشتنە لووتکە، تەنانەت هەندێک پارت هەن تاکە سیاسەتیان گەڕاندنەوەی پەنابەران بوو، خەڵک بە گشتی دەیانەوێت پەنابەران بگەڕێنەوە چونکە ئەوان پێیان وایە پەنابەران بوونەتە هۆی ئەو دۆخەی کە تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە لێی دەگوزەرێت و بوونەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر داهاتی تاکە کەسی و گوزەرانی خەڵک بە گشتی.