کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران: ئەوەی لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵەی جیاکارییە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە بنێرێت و بەبڕیاری دادگا نابێت مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت و ئاماژەشی بەوەکردووە: ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵەوە دەکرێت، مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینيی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێم، بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفيی یەکگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتی دیوانی چاودێريی دارایيی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و فیدراڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە کاتی خۆیدا. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایيی فیدراڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیاریيە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە؛ بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوور گیراوە لە ناکۆکیيەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایيی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووريی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی دارایيی حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ ناردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە، كە نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایيی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە دەکرێت. ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدراڵ پێشکەش دەکەن؛ بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە. بۆیە پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێريی دارایی، ببنە هۆی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو تایبەت بە یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییە داراییەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بواری دارایيی گشتی و سیستمە ژمێریاریيەکان، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.

بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتيی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایيی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش، لە ڕێکەوتی 8/14 و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجیستی بۆ کۆمیسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە.

دوا بڕگەی کۆبوونەوە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.

ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێکەوە کاری پێویست بکەن بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم، کە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە وەرنەگیراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کڕینەوەی گەنم لە لایەن کەرتی تایبەتی هەرێم کە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەنديی بەردەوامدا بن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.