تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ مۆته‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق

ناڕەزایەتییەکان لە عێراق
ناڕەزایەتییەکان لە عێراق

K24 - هەولێر:

عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی دیکە بووەتەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لە پێنج مانگی ڕابردوودا دوو تۆڕی ناوزڕاندنی بەرپرسان لە هەستیارترین پێگەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، لە لایەن بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشکرا بوون؛ ئەوانە، تەنانەت دەستیان بە زانیارییەکانی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش گەیشتووە.

لە شەڕی چەکی بێمۆڵەتەوە بۆ شەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، حکوومەتی عێراق لە یەکەمیان هێشتا ڕزگاری نەبووە، ئەوەی دووەمیشی هاتەسەر. بەڵام شەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە هەرەس بە حکوومەتی عێراق دەهێنێت بەو پێیەی وەک چاودێرانی سیاسی باسی لێوە دەکەن، ئامانجەکە بێدەنگکردنی ئەو بەرپرس و لایەنانەیە کە ڕۆڵی چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق دەگێڕن و  مەبەستیانە لەلایەکەوە سوودی دارایی ببینن و لەلایەکی دیکە زەمینەی گەندەڵی بڕەخسێنن و قەبارەی گەندەڵییەکانیان بشارنەوە.

ڕائید مالیکی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: دیاردەی ناوزڕاندن پێشینەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق بە تەواوەتی. دەشڵێت: هۆی زیاتر پەرەسەندنی دیاردەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنێک لە دەسەڵاتی عێراق پشتیوانی لێ دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات "شەڕەکە لە چەکی بێمۆڵەت مەترسیدارترە و زۆرێک لە پەرلەمانتاران کە لە بواری چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت ڕۆڵدەگێڕن، باجی قوڕسی ئەم شەڕە دەدەن".

هەر بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە "ئامانجەکە بریتییە لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵا و ناوزڕاندنیان یان بێدەنگ کردنیان بۆ ئەوەی زەمینەی گەندەڵیکردنی زیاتر بڕەخسێنن و  قەبارەی گەندەڵییەکانیان بشارنەوە".

هاوکات محەممەد نەعناع، چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوە کردووە: پێشینەی ناوزڕاندنی ئەلیکترۆنی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی هەبێت و لەسەر ئەرک و ڕۆڵی پێگەی بەرپرسانی باڵا ڕەنگدانەوە دروست بکات.

نەعناع باسی لەوەش کردووە: ئەم دیاردەیە هەڕەشەیە بۆ سەر پلانی حکوومەت و ڕۆڵەکەی لاواز دەکات.. سێ پاڵنەریش بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەخاتە ڕوو، لەوانە سوودی دارایی بۆ شاردنەوەی گەندەڵی گەورە. پشتیووانیی کارەکتەرە ئەمنییەکان و میلیشیاکان لەو کەسانە بۆ شکستپێهێنانی ئەو بەرپرسانەی بە نەیاری خۆیانی دەزانن. دوایین هۆکاریش دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی ململانێی بەردەوام لە نێوان کەسایەتییە سیاسییەکان و لایەنەکانەکان کە ڕێگەی خۆش کردووە بۆ گەشەکردنی دیاردەی ناوزڕاندنی بەرانبەری.