شەش زیارەتکار لە شەڕی نێوان دوو عەشیرەتی نەجەف بریندار بوون

شوێنی شەڕەکەی نەجەف
شوێنی شەڕەکەی نەجەف

K24 – هەولێر:

شەش زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن لە نزیک شاری نەجەف لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوان دوو عەشیرەت بریندار بوون.

ئێوارەی 21ـی ئابی 2024، سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای نەجەف ئاشکرایان کرد: لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوان دوو عەشیرەت لەسەر ڕێگەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، شەش زیارەتکار بریندار بوون.

لەبارەی شەڕەکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان بە مێدیا عێراقییەکانیان ڕاگەیاندووە: لە ناوچەی زەرگەی لە قەزای کوفەی ناوەندیی پارێزگای نەجەف، دوو عەشیرەت لەسەر ڕێگەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کە بە ڕێگەوەبوون بەرەو کەربەلا، لە نێوانیاندا بووە بە شەڕەتەقە.

بەپێی ئامارەکان، چوار زیارەتکاری عێراقی و دوو زیارەتکاری ئێرانی لەو شەڕە بریندار بوون و ترس و دڵەڕاوکێش لەنێو زیارەتکارانی دیکە دروست بووە.

هاوکات سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە: دوای ڕووداوەکە هێزێکی زۆری ئەمنیی گەیشتوونەتە ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ژمارەیەک چەکداریان لە هەردوو لای شەڕەکە دەستگیر کردووە.

20ـی ئابی 2024، له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌ كه‌ربه‌لا، عه‌بدولئه‌میر شه‌ممه‌ری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن گه‌یشته‌ دوو ملیۆن و 750 هه‌زار زياره‌تكار.

Fly Erbil Advertisment