حەسەن ئۆکتای: عێراق دژی پەکەکە هەنگاوی نوێی گرتووەتەبەر
K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات، سوپای تورکیا بەهۆی پەکەکەوە لە عێراقن، ئەگەر پەکەکە نەمێنێت، تورکیا سوپاکەی لە وڵاتەکە دەکشێنێتەوە.
حەسەن ئۆکتای، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: لە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە پەکەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەنگاوی زۆری دژ بە ڕێکخراوەکە گرتووەتەبەر.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: بەغدا و ئەنقەرە بڕیاریان داوە بە هاوبەشی یەکدی ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. باسی لەوەش کرد، زۆر گرنگە لەنێو عێراق ڕێکخستنی تیرۆر نەمێنێت، بۆ ئەوەی پێویستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا نەبێت.
جەختی لەوەش کردەوە، سوپای تورکیا بەهۆی پەکەکەوە لە عێراقن، ئەگەر پەکەکە نەمێنێت تورکیا سوپاکەی لە وڵاتەکە دەکشێنێتەوە. حەسەن ئۆکتای، گوتی: هەروەکو چۆن ئیسرائیل دژی حزبوڵا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات، تورکیاش بە هەمان شیوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە دەکات.
ماوەیەکە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پەکەکە بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو جیاوازە و تورکیاش دەڵێت: دوای سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر شت گۆڕاوە.
رۆژی 22ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش هەولێری کرد. سەردانەکەی ئەردۆغان بە سەردانێکی مێژوویی پێناسە کرابوو، هاوکات دەرئەنجامەکانیشی هەروابوون و وەک ئەوەی لایەنی تورکی باسی دەکرد، زۆر شت لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و ڕۆڵی عێراق لەو هاوکێشەیەدا گۆڕانکاریی بەسەرداهات، دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق کۆمەڵێک هەنگاو لە دژی پەکەکە گیرانەبەر.
هەنگاوەکان بریتیبوون لە:
1- بە قەدەغەکراو ناساندنی ڕێکخراوی پەکەکە بوو، لەو ڕێگەیەوە هەموو جۆرە چالاکییەکانی پەکەکە قەدەغەکران.
2- داخستنی سێ پارتی پەیوەندیدار بوو بە پەکەکە، لە بڕیارێکی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقدا پارتەکانی ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی هەڵوەشێندرانەوە و بارەگاکانیان داخران.
3- هەنگاوی سێێەم ئەو یاداشتنامە ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا بوو کە تێیدا جەخت لە هەماهەنگیی کراوە و بەپێی لێکتێگەیشتنەکە ناوەندی ڕاهێنان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە سەربازگەی باشیک دەبێت.
لایەنی عێراقی ڕژدە لەسەر بەردەوامبوون لە رێکارە یاساییەکانی دژی پەکەکە بەڵام داوا دەکات، لە وادەیەکی دیاریکراودا سوپای تورکیا بە تەواوی خاکی عێراق جیبهێڵێت.