عێراق تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون لە مین پاک بکاتەوە

موسڵ
موسڵ

سەرباری ئەوەی حکوومەتی عێراق زیاتر لە حەوت ساڵە سەرکەوتنی بەسەر بە داعشدا ڕاگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە خۆی لە بەشێکی زۆر لە لێکەوتەکانی شەڕەکە ڕزگار بکات، بەهۆی شەڕی داعش ڕووبەری 525 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار و سەڵاحەددین بە مین و پاشماوە جەنگی پیس کراوە، کە هەڕەشە و مەترسییە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان و دانیشتووانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە.

مستەفا مەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی حکوومەتی عێراق دەڵێت: لەناوچەکانی پاشماوەی شەڕی داعش ڕووبەری 525 کیلۆمەتر چوارگۆشە بەمین  و پاشماوەی جەنگی داپۆشراوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، لەسنووری پارێزگای سەڵاحەددین ڕووبەری 18 کیلۆمەتر و لە سنووری پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕی 26 کیلۆمەتر، لە سنووری پارێزگای ئەنبار 181 کیلۆمەتر و لە سنووری پارێزگای دیالەش نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشە بە مین و پاشماوەی جەنگی داپۆشراون.

باس لەوەش دەکات، کۆی ڕووبەری پیسبووی خاکی عێراق بە مین و پاشماوەی جەنگی لە سەردەمە جیاوازەکاندا شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر تاوەکو ئێستا پاک کراوەتەوە. هەروەها زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەش ماوە. کۆی ئەو ڕووبەرەی کە لەسەردەمی داعش بەمین و پاشماوەی جەنگی پیس بووە، بریتییە لە رێژەی 9%ـی کۆی ئەو ڕووبەرەی کە لەشەڕە جیاوازەکاندا لە عێراق پیس بووە.

ئەو بەرپرسەی کاروباری ژینگە دەشڵێت: بە پاڵپشتی ڕێکخراو دەزگا نێودەوڵەتییەکان و بە هەماهەنگی بەشێک لە وەزارەتەکان لە هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێشتا بە بوونی مین و پاشـاوەی جەنگی هەڕەشە لەژیانی هاووڵاتیان دەکەن.

Fly Erbil Advertisment