بەردی بناغەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە و سەنتەری گورچیلە لە دهۆک داندرا

بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 160 تەختی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و سەنتەرێکی گورچیلەی دەستکرد لە شاری دهۆک داندرا.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە "سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی و ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆخشانەیەکی 160 تەختیان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دانا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتە، نەخۆشخانەکە بەشێوازی مۆدێرن و پێشکەوتوو بۆ چارەی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەشتەرگەریی و خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردن و چارەکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لەشاری دهۆک دروست دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دهۆک، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی سەنتەری گورچیلەی دەستکردیان لە پارێزگای دهۆک دانا.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات "نەخۆشخانەکە بەشێوازی مۆدێرن و پێشکەوتوو بۆ شووشتنی گورچیلە، بە قەبارەی 60 تەختی لەشاری دهۆک دروست دەکرێت".
پێشتر دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەرێوبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئامانجی ئەوان ئەوەیە خزمەگوزاریی تەندروستیی فراوان بکەن و هاووڵاتیان پێویستیان بەوە نەبێت بۆ هەر نەخۆشییەک بچنە شارەکانی تر. دەشڵێت: هەوڵمان داوە لە قەزا و ناحیەکان نەخۆشخانە بکەینەوە بە دابینکردنی تەواوی کارمەندان و کەرەستە و ئامێری پزیشکی.
بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد "نەخۆشخانەی شیلادزێ بە 43 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت و خزمەتی دەڤەری ئامێدی دەکات، لەو نەخۆشخانەیە هەموو کەرەستە و ئامێری پزیشکی دابین دەکرێت کە تێیدا نەشتەرگەریی دەکرێت و نەخۆشی تێدا دەخەوێندرێت".
لەبارەی نەخۆشخانەی شێرپەنجەش، دکتۆر ئەفراسیاب گوتی: نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک نۆژەن دەکەینەوە و بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە تەرخانی دەکەین، ئەو نەخۆشخانەیە تاقیگەی پێشکەوتووی لێ دادەنرێت لەگەڵ دروستکردنی نەخۆشانەیەک بۆ ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن.