پۆلیسی ئەمەریکا زیاتر لە 55 خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد
لە دووەم شەوی کۆنگرەی نەتەوەیی دیموکراتەکان لە شیکاگۆی ئەمەریکا، ئاڵۆزی و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕوویدا، لانی کەمەوە 55 خۆپیشاندەر دەستگیر کران.
بەڕێوبەری پۆلیسی شیکاگۆ لاری سنێلینگ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو کەسانە لە دەرەوەی کونسوڵخانەی ئیسرائیل دەستگیر کراون، کە زیاتر لە سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری یونایتد دوورە کە دیموکراتەکان تێیدا کۆ دەبنەوە.
سنێلینگ گوتیشیی: ئێمە وەک پۆلیسی شیکاگۆ هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ هێورکردنەوەی ئەم دۆخە.
ڕووبەڕووبونەوەی توند لە نێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین و ئەفسەرانی پۆلیس ڕووی دا، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێک لە خۆپیشاندەران کە زۆربەیان جلی ڕەشیان پۆشیبوو و دەموچاویان داپۆشرابوو هێرشیان کردە سەر ڕیزێک پۆلیس کە ڕێگرییان لە خۆپیشاندانەکە دەکرد.
هەروەها خۆپیشاندەران بەربەستی پۆلیسیان بەزاند، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەستگیرکران و ڕێگەیان بە خۆپیشاندەران نەدا بەرەو کونسوڵخانەی ئیسرائیل بڕۆن.
سنێلینگ ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندەران هاتوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ پۆلیس، ئێمە دەستپێشخەر نەبووین بۆ توندوتیژی، بەڵام وەڵامیانمان دەدایەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شکاگۆ باسی لەوەش کرد: لەنێوان 55 بۆ 60 کەس دەستگیرکراون و هەروەها دوو کەس بەهۆی بریندارییەوە گەیەندرانە نەخۆشخانە. دوو پۆلیس بریندار بوون بەڵام نەیانویست تیمارد بکرێن بەردەوام بوون لەسەر ئەرکەکانیان.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتد پرێس، لەوەتەی شەڕی غەززە دەستی پێ کردووە چەندین خۆپیشاندان لە بەردەم کونسوڵخانەی ئیسرائیل کراوە.