بە ئیمەیڵ هەڕەشەی تەقاندنەوەی چەند دامەزراوەیەک لە کەنەدا و هیندستان دەکرێت

بە نامەی ئەلیکترۆنی هەڕەشەی تەقاندنەوەی 125 دامەزراوەی ڕەوەندی جووەکانی نیشتەجێی کەنەدا و زیاتر لە 100 نەخۆشخانە و دامەزراوەی هیندستان دەکرت. پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، لە هیچ یەکێک لەو دامەزراوانەدا بۆمب، یان ماددەیەکی تەقەمەنییان نەدۆزیوەتەوە.
پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، ئیمەیڵەکان لە کاتژمێر 5:11 خولەکی بەیانی چوارشەممە بۆ نزیکەی 125 دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە ڕەوەندی جووەکان لەسەرتاسەری کەنەدا نێردراوە و هەڕەشەی تەقاندنەوەیان لێ کراوە.
هەمان ئیمەیڵی هەڕەشەی تەقاندنەوە بۆ زیاتر لە 100 نەخۆشخانە و کۆمپانیای تایبەت و دامەزراوەی حکوومەتیی هیندستان ڕەوانە کراوە.
پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان هەوڵ دەدەن سەرچاوەی شوێنی ناردنی ئیمەیڵەکان بدۆزنەوە کە هەڕەشەی تەقاندنەوەی ناوەند و دامەزراوەی جووەکانی کەنەدا و نەخۆشخانە و کۆمپانیاکانی هیندستان کراوە.
لەلایەن خۆیەوە ڕەوەندی ئیسرائیل و جووەکانی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەرکەوتووە هیچ هەڕەشەیەکی جیددی لە ئارادا نییە، تەنیا مەبەست لە ناردنی ئیمەیڵەکان بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانیی و تێکدانی ژیانی خەڵکە.
هەر لەم بارەوە جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: هەڕەشە بۆ سەر زیاتر لە 100 دامەزراوەی جووەکان لە سەرتاسەری کەنەدا تەنیا دژایەتییەکی ئاشکرای جووەکانە و کارێکی قێزەون و ناشرینە.
هەروەها حاخام ڕوبن پۆپکۆ، کە سەرپەرشتی کەنیشتی مۆنتریال دەکات، دەڵێت: یەکێک لە ئیمەیڵە هەڕشاوییەکانی پێگەیشتووە؛ مەبەست لە ناردنی ئەو ئیمەیڵە هێرشکردنە سەر دەروونی کۆمەڵگەیە و تۆقاندنی جووەکانە، ئەمەش هەوڵێکە بە دڵنیاییەوە شکستی هێناوە، چونکە جووەکان بەردەوام لە ژیانێکی ئاساییدان.