بە ئیمەیڵ هەڕەشەی تەقاندنەوەی چەند دامەزراوەیەک لە کەنەدا و هیندستان دەکرێت

پۆلیسی کەنەدا لەبەردەم یەکێک لە دامەزراوەی جووەکان دوای هەڕەشەی ئەلیکترۆنی
پۆلیسی کەنەدا لەبەردەم یەکێک لە دامەزراوەی جووەکان دوای هەڕەشەی ئەلیکترۆنی

بە نامەی ئەلیکترۆنی هەڕەشەی تەقاندنەوەی  125 دامەزراوەی ڕەوەندی جووەکانی نیشتەجێی کەنەدا و زیاتر لە 100 نەخۆشخانە و دامەزراوەی هیندستان دەکرت. پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، لە هیچ یەکێک لەو دامەزراوانەدا بۆمب، یان ماددەیەکی تەقەمەنییان نەدۆزیوەتەوە.

پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، ئیمەیڵەکان لە کاتژمێر 5:11 خولەکی بەیانی چوارشەممە بۆ نزیکەی 125 دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە ڕەوەندی جووەکان لەسەرتاسەری کەنەدا نێردراوە و هەڕەشەی تەقاندنەوەیان لێ کراوە.

هەمان ئیمەیڵی هەڕەشەی تەقاندنەوە بۆ زیاتر لە 100 نەخۆشخانە و کۆمپانیای تایبەت و دامەزراوەی حکوومەتیی هیندستان ڕەوانە کراوە.

پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان هەوڵ دەدەن سەرچاوەی شوێنی ناردنی ئیمەیڵەکان بدۆزنەوە کە هەڕەشەی تەقاندنەوەی ناوەند و دامەزراوەی جووەکانی کەنەدا و نەخۆشخانە و کۆمپانیاکانی هیندستان کراوە.

لەلایەن خۆیەوە ڕەوەندی ئیسرائیل و جووەکانی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەرکەوتووە هیچ هەڕەشەیەکی جیددی لە ئارادا نییە، تەنیا مەبەست لە ناردنی ئیمەیڵەکان بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانیی و تێکدانی ژیانی خەڵکە.

هەر لەم بارەوە جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: هەڕەشە بۆ سەر زیاتر لە 100 دامەزراوەی جووەکان لە سەرتاسەری کەنەدا تەنیا دژایەتییەکی ئاشکرای جووەکانە و کارێکی قێزەون و ناشرینە.

هەروەها حاخام ڕوبن پۆپکۆ، کە سەرپەرشتی کەنیشتی مۆنتریال دەکات، دەڵێت: یەکێک لە ئیمەیڵە هەڕشاوییەکانی پێگەیشتووە؛ مەبەست لە ناردنی ئەو ئیمەیڵە هێرشکردنە سەر دەروونی کۆمەڵگەیە و تۆقاندنی جووەکانە، ئەمەش هەوڵێکە بە دڵنیاییەوە شکستی هێناوە، چونکە جووەکان بەردەوام لە ژیانێکی ئاساییدان.

Fly Erbil Advertisment